قاوە كلیلی ڕزگاربوونە لەم نەخۆشییە

09/07/2019 - 09:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

توێژەران دەڵێن، خواردنەوەی قاوە كێش كەمدەكاتەوەو ڕێگریشە لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە لە جۆری دووەم.

توێژەرانی زانكۆی نۆتنگهامی بەریتانیا ئاشكرایدەكەن، ڕۆژانە خواردنەوەی كوپێك قاوەی گەرم وا دەكات چەورییە قاوەییەكان كارابن، كە بریتییە لە شانەیەكی چاڵاك شەكر‌و چەوری ‌و ئەو خۆراكانە دەسوتێنێت كە مرۆڤ دەیانخوات و دەبێتە هۆی پاراستنی هاوسەنگی پلەی گەرمای لەش.

وەك دەزانرێت لە لەشی هەموو مرۆڤێكدا دوو جۆر چەوری هەیە كە هەندێكیان قاوەیی و هەندێكیان سپییەو چەورییە سپییەكان بەشێكی زۆری لەشیان داگیر كردووە، چەوری سپی بەرپرسە لە كۆكردنەوەی وزەی ناپێویست ‌و دواتریش زیادبوونی كێش، توێژەرەوە بەریتانییەكانیش لەو بڕوایەدان كە ماددەی كافایین كە بەشێكە لە قاوە كالۆری لەش دەسوتێنێت.

توێژەرەوەكان چەند توێژینەوەیەكی مەیدانییان كردووە بۆ زانینی ڕاستی ئەوەی قاوە دەبێتە هۆی كێش دابەزاندن و ئەوەی لە ئێستادا بۆیان دەركەوتووە تەنها ماددەی كافایینە دەبێتە هۆی هاندانی چەوری قاوەیی ناو لەش.

لەمبارەیەشەوە پرۆفیسۆر (مایكل سیمۆندز) وتی، چەند توێژینەوەیەكی پێشتر ئەوەی ئاشكراكرد كە چەوری قاوەیی بەشێوەیەكی بنەڕەتی لەناوچەكانی شان‌ و مل و پشتدایە، بۆیە بە ئاسانی توانیمان كاریگەری كافایین لەسەر بەشدارانی توێژینەوە مەیدانییەكەمان ببینین.

ئەو وتیشی، ئەنجامەكان زۆر ئیجابی بوون، بەڵام پێویستە زیاتر دڵنیا بین لەوەی ئەوە كافایینە كە یەكێكە لەپێكهاتەكانی قاوە دەبێتە هاندەر یان پێكهاتەیەكی تریش هەیە كە یارمەتیدەری چاڵاكبوونەوەی چەوری قاوەییە.

بەشداربووییەكی دیكەی توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەمە یەكەمین جارە توێژینەوە لەسەر مرۆڤ بكرێت و دەركەوێت كوپێك قاوە دەتوانێت كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەركی چەورییە قاوەییەكان هەبێت.

جارێكی تر پرۆفیسۆر سیمۆندز دەڵێت، ئەم توێژینەوەیە‌و ئەنجامەكەی تا ڕادەیەك گرنگە‌و دەنگدانەوەی خۆی دەبێت، چونكە ئێستا قەڵەوی بۆتە سەرچاوەی نیگەرانی كۆمەڵگە جیاجیاكان نەخۆشی شەكرەش بۆتە مەترسییەكی جدی كە بە یەكێك لەپاشهاتەكانی قەڵەوی دادەنرێت، چەوری قاوەییش خەریكە دەبێتە بەشێك لە چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە.

ئەو تیمی توێژینەوەیە تێبینی ئەوەی كردووە كاتێك چەوری قاوەیی چاڵاك دەبێتەوە لەش باشتر دەتوانێت كۆنترۆڵی ڕادەی شەكر‌و چەوری ناو خوێن بكات ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕێژەی گلۆكۆز لە خوێندا، دواتریش كەسەكە پارێزراو دەبێت لە تووشبوونی بە نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم.

تیمەكەی زانكۆی نۆتنگهامی بەریتانیا بەردەوام دەبن لە توێژینەوەكانیان بۆ زانینی ئەوەی داخۆ سەرچاوەكانی دیكەی كافایین بەو شێوەیە دەتوانن بەسوود بن لە پاراستنی تەندروستیی مرۆڤەكان.

كەشتی نووح