چۆن دەزانن بەردی گورچیلەتان هەیە !!

19/07/2019 - 09:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

بەردی گورچیلە ئەو پێكهاتە بلوورییە بچووك و رەقانەن كە لە رێگەی مادەیەكی پرۆتینی شلەوە بەیەكەوە دەنووسێن لەناو گورچلەكانەوە، سەرەتا قەبارەیان بچووكە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و بەردەوامی دۆخەكە بێ چارەسەری و پارێزی قەبارەیان گەورە دەبێت، بەردەی گورچیلە لە كانزاو خوێی ترش پێك دێت كە لەناو میزدا دەنیشێت و حەوزی ناو گورچیلەش باوترین شوێنە بۆ دروستبوونی.

بەردی گورچیلە ژانێكی زۆری هەیەو پێویستە مرۆڤ ئاگاداری بێت و ئەگەر لەو كەسانە بێت كە گورچیلەكانی بەردەوام بەرد دروست دەكات، پێویستە وریای خۆی بێت و خۆی لێ بپارێزێت، پزیشكان لە نەخۆشخانەی مایۆی ئەمریكی رایانگەیاند: كە رەنگە یەكەم نیشانەكانی بوونی بەردی گورچیلە بریتی بێت لە ئێشی پچڕ پچڕی سك و پشت و گۆڕانی رەنگی و بۆنی میز.

(دێڤید پارتسن) پزیشكی شارەزا لەو بارەوە دەڵێت: بەتێپەڕبوونی كات بەردی گورچیلە ئازاری زۆر دروست دەكات، بەڵام ئەگەر زوو دیاری بكرێت دەتوانرێت رێ لەو ئازارە بگیرێت

وەك ئەو پزیشكە دەڵێت: یەكەم نیشانەكانی بوونی بەردی گورچیلە ئەوكات دەردەكەوێت كە بەردەكە دەست بە جووڵانەوە دەكات كە ئەگەر هەیە لە رێگەی بۆڕی میزەوە بگاتە میزەڵدان و ئەوكات نەخۆش هەست بە ئازاری پچڕ پچڕ لەلاتەنیشتی سك و پشت و خوار سكی دەكات، جیا لە بێزاربوونی لەكاتی میزكردن كاتێك خواستی میزكردن دووبارە دەبێتەوەو هەست بە ئازارو بێزاری دەكات بەهۆی میزكردنەوە.

جیا لەوانە رەنگی میز دەگۆڕێت و بۆنێكی ناخۆشی لێ دێت، هەروەها رەنگەكەشی دەبێتە قاوەیی یان پەمبەیی و لەپاڵ ئەوە نەخۆش تووشی هیڵنج هاتنەوەو رشانەوەو لەرزین دەبێت، بۆیە پزیشكان رێنوێنی دەكەن كە ئەگەر ئەو نیشانانەت بەسەر دیاركەوت راستەوخۆ سەرانی پزیشك بكە.

پزیشكان دەڵێن : ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاد دەكات ئەگەر سیستەمی خۆراكی نەخۆش بڕێكی زۆری پڕۆتین و سۆدیۆم (خوێ) و شەكری تێدات بێت، هەروەها كەمخواردنەوەی ئاوو كێشی زیادی لەش و هۆكاری بۆماوەیی یاریدەرن بۆ دروستبوونی بەردی گورچیلە. 

هۆكارەكانی دروستبوونی بەردی گورچیلە زۆرن لەوانە كەمخواردنەوەی ئاوو زۆر خواردنی پڕۆتینی ئاژەڵ و زێدەڕۆیی خواردنەوەی خواردنەوە گازی و سوێری، جیا لە هۆكاری بۆماوەیی كە دەبێتە هۆی زیاد بەرهەمهێنانی كالیسیۆم و سستین لە میزدا، هەروەها زیادبوونی چاڵاكی رژێنی تەنیشت دەرەقی و زیادی كێشی لەش و كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی نەقرەس ئەوانەش ئەگەری زیاتری تووشبوونیان بە بەردی گورچیلە هەیە، هەروەها قەتیسبوونی میزو هەوكردنی بەردەوام و دووبارەبووەوە. 

نیشانەكانی تووشبوون بە بەردی گورچیلە بریتییە لە ئازارێكی زۆر لە هەردوو تەنیشتی سك بەرەو خوارەوە تا دەگاتە ئەندامی زاوزێ و سەرووی سمتەوە، هەروەها رەنگی میز بەرەو پەمەیی سوورباو دەگۆڕێت كە ئەوەش بەهۆی بوونی خوێنبەربوون لە رێڕەوی میز بەهۆی تیژی لێوارەكانی بەردەكەو تێپەڕبوونی دروست دەبێت، جیا لە هێڵنج و رشانەوەو لەرزو تا.

جۆرەكانی بەردی گورچیلە بریتین لە بەردی ئۆكسزالێتی كالیسیۆم كە باوترین جۆرەكانیەتی و لە گرنگترین هۆكارەكانی دروستبوونی خواردنی بڕێكی زۆرە لەو خۆراكانەی بە كالیسیۆم دەوڵەمەندن، هەروەها بەردی ترشی یۆریك كە هۆكارەكەی وشكهەڵگەڕانی لەشە، بەردی جۆری سستین بەهۆی شێوانی بۆماوەیی روودەدات و مادەی سستین لە میزدا زیاد دەكات، بەردی فۆسفاتی ئەمۆنیۆم و مەگنسیۆم.

چارەسەری بەردی گورچیلە خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاوە كە كەمتر نەبێت لە (8 – 10) كووپی رۆژانە، جیا لە خواردنەوەی شلەمەنی تر كە دەبنە هۆی رۆیشتنی بەردەكەو دابەزینی لەگەڵ میزدا بەتایبەتی ئەوانەی قەبارەیان لە نیو سەنتیمەتر كەمترە، كەمكردنەوەو دووركەوتنەوە لە خۆراكی دەوڵەمەند بە پڕۆتین وەك ماسی و گۆشت، چارەسەریش بە شەپۆڵی دەنگی بریتییە لە وردكردنی بەردەكە لە رێگەی شەپۆڵی لێدەر لە دەرەوەی لەش، هەروەها لە رێگەی ناوبینەوەو لە رێگەی نەشتەرگەرییەوەش. 

بۆ خۆپاراستن لە بەردی گورچیلەو پاراستنی سەلامەتی گورچیلە پێویستە ئەوانە بكەیت، پاراستنی ئاستی ئاسایی پەستانی خوێن و كۆلیسترۆڵ و شەكرەی خوێن، چونكە بەرزبوونەوەی رێژەی ئەوانە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی گورچیلە زیاتر دەكەن، هەروەها كەمكردنەوەی بڕی خوێی رۆژانە دەخورێت، دووركەوتنەوە لە مادی كهوول و جگەرەكێشان، چونكە زیانی زۆریان بۆ گورچیلە هەیەو تووشی چەندان نەخۆشی مەترسیداری دەكەن، بۆ پارێزگاریكردن لە تەندروستی گورچیلە پێویستە كێشی زیادی لەش دابەزێنرێت و خۆراكی تەندروست بۆ دڵ و گورچیلە بخورێت، جیا لە ئەنجامدانی راهێانی وەرزشی و جووڵەی بەردەوام و بكرێتە بەشێك لە سیستەمی ژیان.

ماكوان عیززە‌ت – هەولێر