بۆ ئەوەی دووربیت لەشەكرە، ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بكەن

20/07/2019 - 07:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

چەند ڕێنماییەكی گرنگ بۆ ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشی شەكرە بوون كە هاوكارە لە كۆنتڕۆڵ كردنی ڕێژەی شەكری خوێن و پاراستنی لەش لە كاریگەرییە خراپەكانی شەكرە لەسەر دەمارو دڵ و چاو.

1. كەمكردنەوەی كێشی لەش بە گۆرینی خواردنی قورس و شیرین بۆ خۆراكی بەسودو تەندروست، وەرزش كردن بە بەردەوامی بۆ كۆنترۆڵ كردنی گلۆكۆزی خوێن.

2. پشكنینی ڕێژەی گلۆكۆز بكە بەلایەنی كەمەوە ڕۆژی دوو جار، وە هەمووی تۆمار بكە ڕۆژانە تا بزانی ئایا ڕێژەكەی گونجاوە، وە چی خواردنێك زیاتر بەرزی دەكاتەوە، وە ئایا بەو جوڵانەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەیت تا چەندێك دادەبەزێت.

3. فەحسی (HbA1c) شەكرەی 3 مانگی بكە تا بزانی لە ماوەی 3 مانگی ڕابردوودا ڕێژەی گلوكۆز لە خوێندا چەند بووە، زۆربەی ئەوانەی شەكرەی جۆری دوویان هەیە دەبێت هەوڵبدەن HbA1c لە 7 زیاتر نەبێت.

4. ئاگاداری خواردنی ئەو خۆراكانەبە كە ڕێژەیەكی زۆر كاربۆهیدرات و شەكریان تێدایە وەك نان، برنج، هەندێك میوە ، خورما وە كەمكردنەوەی گۆشتی سورو خواردنە چەورەكان، ئەو خۆراكانە بخۆ كە ڕێژەیەكی زۆر فایبەریان تێدایە وەكو سەوزەو هەندێك میوە.

5. كۆنتڕۆڵی زەخت و چەوری و كۆلیسترۆڵ، چونكە شەكرە ئەگەری توشبوون بە كێشەكانی دڵ زیاد دەكات.

6. هەمیشە بجوڵێ و وەرزش بكەو كێشت بە تەندروستی بهێڵەرەوە، هەروەها وەرزشكردن سترێس ناهێڵێت و یارمەتیدەرە لە كۆنتڕۆڵ كردنی بەرزی زەخت و چەوری. 

7. وەرزش كردن وەكو ڕێكردن یان مەلەكردن یان پاسكیل لێخوڕین بۆ ماوەی 30 دەقە یا زیاتر وە بۆ 5 ڕۆژ لە هەفتەیەكدا لە شوێنێكی گشتی، وە ئەگەر تازە دەستتكرد بە وەرزش بە شتێك دەستپێبكە كە ماندووت نەكات تا ڕایەیت.

8. بە باشی بنوو، بە ڕێكی و لەكاتی گونجاودا، ئەو كەسانەی بە باشی دەنوون خواردنی ڕۆژانەیان ڕێكترەو ڕێژەی گلوكۆزیان باشتر ڕێك دەخرێت.

9. قەلەقی و سترێس ڕێژەی شەكری خوێن بەرزدەكەنەوە، دەتوانی لەو حاڵەتانەیا خۆت هێمن بكەیتەوە بە دانیشتن بۆ ماوەی چارەگێك، وە بە ئەنجامدانی یۆگا.

10. سەردانی پزیشكی پسپۆر بكەو فەحسێكی گشتی بكە بەلایەنی كەمەوە ساڵی جارێك وەكو فەحسی چاو، زەخت ، پێ، گورچیلە ، دەمار ، دڵ.