كیسی سەرگورچیلە چییەو چەند جۆری هەیە ؟؟

26/07/2019 - 11:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

كیسی سەرگورچیلە بەشێوەیەكی گشتی (3) جۆری هەیە.

1. كیسی سادە:

ئەم جۆرە بەزۆری لەسەرو تەمەنی (35 – 40) ساڵی لە گورچیلەدا دروست دەبێت، پیاوان و ژنان وەك یەك تووش دەبن، لە (30%) ی مرۆڤ ئەم جۆرە كیسەی هەیە، واتە ئەم جۆرە كیسە لەهەموو جۆرەكانی تر زۆرترە، بۆیە پێی دەوترێت كیسی سادە، چونكە تەنها لە یەك بەش پێك هاتووەو پەردەی ناوەوەی نیە، ئەم جۆرە كیسە زۆر جار هیچ كێشە بۆ نەخۆش دروست ناكات، نە پێویست بە موتابەعە یان بەعیلاج ناكات، بەڵام هەندێ جار لەوانەیە گەورە ببێت و ببێتە هۆی ئازار یان تووشی خوێن بەربوون ببێت و ئازار دروست بكات. 

وەك ووتمان ئەم جۆرە ترسی نیەو زۆربەی جار پێویست بە هیچ چارەسەرێك ناكات، خۆ ئەگەر پێویست بە چارەسەر بكات لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە، ئەوە چارەسەری نەشتەرگەریەو دەبێت لاببرێ، نەشتەرگەریەكە بە دوو شێواز دەكرێت بە كردنەوەی سك لەگەڵ بە نازور. 

2. كیسی ئاڵۆزی سەرگورچیلە :

ئەم جۆرە لەچەند بەشێك پێكهاتووە، واتە لە ناوە پەردەی هەیە، ئەم جۆرە دەكرێت وەك جۆری یەكەم هیچ كێشەیەك دروست نەكات، بەڵام زۆر جار پێویست بە موتابەعە دەكات و ئەگەر قەبارەكەی زیاد بكات دەبێت نەشتەرگەری بكرێت، هەندێ جاریش ئەم كیسە لەوانەیە ئەگەری شێرپەنجەی زۆر بێت و دەبێت یەكسەر نەشتەرگەری بۆ بكرێت.

3. كیسی بۆماوەیی گورچیلە:

ئەم جۆرە بریتیە لەكۆمەڵە كیسێكی زۆر كە لە گورچیلەدا دروست دەبێت و ووردە ووردە لەگەڵ تەمەنی نەخۆشەكەدا هەموو گورچیلەكە دەبێت بە كیسی بچووك و گەورەو هەردوو گورچیلەكە سست دەبێت و لە ئیش دەكەوێت، ئەم جۆرە بۆماوەییەو زاڵە، واتە ئەگەر یەكێك لە دایك و باوكەكە هەیبێت ئەوا لە (50%) ی منداڵەكانیان تووش دەبن، لەتەمەنی (35 – 40) ساڵی كەسی تووش بوو تووشی بەرزبوونەوەی زەختی خوێن دەبێت و ووردە ووردە گورچیلەی لەكار دەكەوێت، چارەسەری ئەم جۆرە چاندنی گورچیلەیە.