ئەم زانیاریانە لەسەر پێڵووی چاو بزانن !!

27/07/2019 - 08:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

لەناو پێڵووی چاودا ڕژێنی چەوری هەیە، ماددەیەكی گریسی دەڕێژن بەسەر گلێنەی چاودا بۆ ئەوەی لەكاتی چاوتروكاندا پێڵووەكان گلێنەی چاوەكە نەڕووشێنن.

پێڵووی سەرەوە نزیكەی (35) پێڵووی خوارەوە نزیكەی (25) ڕژێنی چەوری تێدایە، هەریەك لەم ڕژێنە چەورییانە لە ڕێگەی كونێكی بچووكەوە كە لە لێواری پێڵوەكەدایە چەورییەكە دەڕێژن، ئەگەر هەریەك لەم كونانە بگیرێت دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی چەوری و دروست بوونی گرێ چەوری لە پێڵوودا.

1. لە پێڵووی سەرەوەدا ماسولكەی بەرزكەرەوە هەیە، ئیشی ئەوەیە پێڵووەكە بەرز دەكاتەوە، هەر كێشەیەك لەم ماسولكەیەدا ڕوو بدات دەبێتە هۆی داكەوتنی پێڵووی چاو، بە شێوەیەكی ئاسایی ئەم ماسولكەیە دەتوانێت هەتا (15) ملم پێڵووەكە بەرزبكاتەوە.

2. پێستی پێڵوو زۆر لاستیكییە، واتە توانای كشان و گرژبوون و لۆچبوونی زۆری هەیە. 

3. لە كاتی چاو تروكاندا تەنها پێڵووی سەرەوە دەجوڵێت و دێتە خوارەوە، پێڵووی خوارەوە جێگیرە. 

4. لێواری هەر پێڵووییەك نزیكەی (2) ملم ئەستوورەو دوو بۆ سێ ڕیز برژانگی پێوەیە. 

5. پێڵووی سەرەوە برژانگی زۆرتری پێوەیەو ئاڕاستەیان بۆ سەرەوەیە، برژانگی پێڵووی خوارەوە ئاڕاستەیان بۆ خوارەوەیە. 

6. كاتێك برژانگێك دەوەرێت، نزیكەی (70) ڕۆژی پێویستە هەتا دروست ببێتەوە.

 

(د. ماكۆك موحەمەد – پزیشكی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو)