زەردوویی چییەو چارەسەری چییە ؟؟

27/07/2019 - 09:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

 

بریتیە لە زەرد هەڵگەڕانی سپێنە ژێر پێڵوی چاوو پێست بەهۆی بەرز بوونەوەی ڕێژەی بلیڕۆبین لە خوێندا.

لە ڕاستیدا زەردوویی نیشانەیەو دەركەوتەی ژمارەیەك نەخۆشی زۆرو فرە جیاوازە.

ڕێژەی ئاسایی بۆ كەسی پێگەشتوو كەمترە لەیەك ملیگرام، بەڵام لەسەرو سێ‌ ملیگرام لە سپێنەی چاوو دواتر لە ناوپۆشی دەم و ژێر زمان و سەر پێستی لەش بەدیار دەكەوێت.

هۆكارو چارەسەری زەردوویی لە گەورە ساڵان بەراورد بە تازە لە دایكبووان زۆر جیاوازە.

نیشانەكانی هاوپەیوەست :

1. تاو لەرز. 

2. سك یەشە. 

3. پەڵەو شین بوونەوەی پێست. 

4. بێهێزی و شەكەتی. 

5. تێر بوونی ڕەنگی میز. 

6. كاڵبوونەوەی ڕەنگی پیسایی. 

7. قەبزی و باوبژی ناوسك. 

8. ڕشانەوەو دڵ تێكهەڵاتن. 

9. نەمانی حەزی خواردن. 

10. كێش دابەزین. 

11. كەمخوێنی. 

12. تێكچوونی سوڕی خەوتن. 

13. لەكاتی پەكەوتنی جگەردا ئاوسانی قاچ و كۆبوونەوەی ئاو لە سكدا. 

14. خورانی پێست.

هۆكارەكانی :

بەگشتی دەكرێت بە سێ‌ گرووپەوە كە نەخۆشیەكانی جگەرو بۆرییەكانی زراوو شیبوونەوەی خوێن دەگرێتەوە.

لە وانە: 

1. هەوكردنی جگەر بەهەر هۆكارێك بێت وەك ڤایرۆسی و تێكچوونی بەرگری لەش .. هتد. 

2. هەوكردنی و گیرانی بۆرییەكانی زراو یان بەردی تورەكەی زراو. 

3. شیبوونەوەی خوێن. 

4. كۆنیشانەی گلبەرت كە زەردوویەكی كەمە لەگەڵ ئاسایی بوونی هەموو پشكنینەكانی تر. 

5. هەندێ جار تەنها بەرزبوونەی ڕێژەی زەردوویی دەبێت لەكاتی پشكنینی فەرمانەكانی جگەر بەبێ دۆزینەوەی هۆكارێكی دیاریكراو. 

6. زیادە بەكارهێنانی یاخود ژەهراوی بوون بە هەندێ دەرمان وەك پاراسیتامۆڵ و پنیسلین و ستیڕۆید ... هتد. 

7. زیادەڕوی لە خواردنەوە كهولییەكان. 

8. هەندێ نەخۆشی بەكتریایی و مشەخۆرەكان. 

9. شێرپەنجەی جگەرو پەنكریاس و بۆرییەكانی زراو. 

10. هەندێ نەخۆشی دەگمەن وەك ویلسن و دۆبسن و كریگلەرو هتد. 

شیكاریت پێویست : 

1. پشكنینی خوێنی گشتی. 

2. شیكاری تەواوی فەرمانەكانی جگەر. 

3. پشكنینی ڤایرۆسی جگەر. 

4. پشكنینی پێویست بۆ نەخۆشیەكانی خوێن. 

5. سۆنەری ناوسك. 

6. هەندێ شیكاری و وێنەی تیشكی تایبەت.

چارەسەر : 

بە گوێرەی هۆكاری زەردوویەكە دەگۆڕێت، بەڵام گرنگی دان بە پاكو خاوێنی و گۆڕینی شێوازی ژیان و خواردنی تەندروست بە جگەرو خۆ كوتان دژی ڤایرۆسی جگەرو وازهێنان لە مەشروب خواردنەوەو دووركەوتنەوە لە قەڵەوی و كۆنتڕۆڵ كردنی چەورییەكانی خوێن و بەكارنەهێنانی زیادی دەرمان و دووربوون لە تاتووكردن و بەكارهێنانی دەرمانی نایاسایی لە هەنگاوە گرنگەكانی خۆپارێزیە.

(د. هەرێم كەریم ئەحمەد – پسپۆری نەخۆشیەكانی هەناوو دڵ و شەكرە)