كێشەی جومگەی حەوز لە منداڵانی تازە لە دایك بوودا چییە ؟؟

28/07/2019 - 11:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

دایكان و باوكانی خۆشەویست ئەم بابەتە زۆر گرنگە كە لێی ئاگاداربن، چونكە دەستنیشان كردنی ئەم جیاوازی دروست بوونە لە مانگەكانی سەرەتای ژیانی كۆرپەكانتان بە ڕادەیەكی زۆر باش دەتوانرێت بە ڕێگەیەكی ئاسان چارەسەربكرێت، بەڵام دواكەوتنی دەستنیشانكردنەكە بۆ دوای تەمەنی چوار مانگ و بە تایبەتیش دوای شەش مانگ ڕێژەی سەركەوتووی چارەسەرە سادەكان كەم دەكاتەوەو بەڵكو جار وا هەیە كێشە بۆ جومگەكەی دروست دەكات و هەروەها پێویستی بۆ چارەسەرە ئاڵۆز و قورسەكانی وەك نەشتەرگەری زیاد دەكات.

لە هەندێك لە وڵاتان وەك ئەڵمانیا هەموو كۆرپەیەك لە تەمەنی چوار بۆ شەش هەفتەییدا سۆنەری بۆ دەكرێت، هەندێك لە وڵاتان تەنها سۆنەر بۆ ئەو منداڵانە دەكرێت كە مەترسی یان گومانی زۆریان لێ دەكرێت كە ئەم جیاوازی دروست بوونەیان هەبێت، لای خۆشمان لە كوردستان كەم تا زۆر پیادەی دووەمیان دەكەین.

ئەو كۆرپانە كامانەن كە مەترسیان لە سەرە ؟؟ 

ئەگەر ئەم خاڵانەی خوارەوەیان هەبێت:

1. ئەو خێزانەی منداڵی تریان یان منداڵی خزمی نزیكیان ئەم جیاوازی دروست بوونەی هەیە. 

2. ئەو منداڵانەی لە سكی دایكیاندا بۆ ماوەیەك دانیشتوون كە ئەمە پەستان دەخاتە سەر جوومگەكەو ئەگەر ماوەكەی زۆر بێت جومگەكە دەردەچێنێت و وە هەروەها جوڵەی جومگەكە كەم دەكاتەوە كە دەبێتە هۆی باش دروست نەبوونی. 

3. منداڵی كچ مەترسی زۆر زیاترە. 

4. ئەو خێزانانەی كە مێژووی سەوەفانی جومگەی حەوزیان هەیە لە تەمەنێكی زوودا واتە خوار (65 – 70) ساڵیدا. 

5. ئەو منداڵانەی كە درەنگتر لە كاتی خۆیان لە دایك دەبن.

هۆكاری دەرەكی كە دەبێتە هۆی ئەم جیاوازی دروست بوونە : 

تاكە هۆكاری گرنگ كە پێویستە دایكان لێی بەدوور بن بەستنەوەی هەردوو پەلی خوارەوەی كۆرپەیە بە تەنیشت یەكەوە كە پێی دەڵێن قوماتكردن.

نیشانەكانی لە تەمەنی سەرەتای ژیاندا:

1. نایەكسانی پەلەكانی خوارەوە لە درێژی و شێوەو چرچی و لۆچی پێستی بن ڕان و سمتەكان و بەشی سەرەوەی ڕانەكانی. 

2. نەكرانەوەی ڕانەكانی بەباشی و جیاوازیان لەكاتی گۆڕینی دایبیداو هەندێك جار دەبێتە هۆی نائاسانی لە گۆڕینی دایبیەكەدا. 

3. هەندێك جار دایكەكە لەوانەیە هەست بە بوونی دەنگێكی بچووك وەك كلیك بكات یان گیربوون هەست پێ بكات. 

4. لە كاتی بوونی مەترسی و نیشانەكاندا پێویستە كۆرپەكە ببرێت بۆ لای پزیشكی پسپۆر بۆ پشكنینی سەریری و هەروەها سۆنەر بۆ كردنی و بە پێی ئەنجامەكەشی چارەسەری بۆ بكرێت. 

5. بە هیوای لەش ساخی بۆ هەموو كۆرپە چاوگەشەكانتان.

(د. هونەر)