بۆچی هەندێ‌ كەس بۆنی جەستەیان ناخۆشە ؟؟

29/07/2019 - 09:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

كەسانێكی زۆر بەتایبەتی ئەوانەی هەستی بۆنكردنیان زۆر ئەكتیڤە، هەست دەكەن كە خۆیان یان كەسانی بەرانبەریان بۆنێكی ناخۆش و بێزاركاریان لێ دێت، بۆیە زۆر كەس بۆ ئەوەی نەكەونە ناو ئەو هەڵوێستەوەو شەرمەزار نەبن، پەنا بۆ بەكارهێنانی لابەری ئارەقەو بۆن و شتی تر دەبەن.

زۆرجار هۆكاری ئەو بۆنە ناخۆشەی لەش پێوەستە بە رەفتارو ئاكارو شێوازی ژیان و سیستەمی خۆراكی رۆژانەی مرۆڤ خۆی بێ ئەوەی هەستی پێ بكات، بەڵام هۆكاری راستەقینەی بۆنی ناخۆشی لەش چییە ؟؟ لە خوارەوە چەند هۆكارێك هەن:

1. راڕایی و شڵەژان، ئارەقە ئاساییانە هیچ بۆنێكی نییە، بەڵام تێكەڵبوونی لەگەڵ ئەو بەكتریایەی لەسەر پێست هەیە ئەو بۆنە ناخۆشەی پێ دەبەخشێت، ئارەقەكردنی كاتی راڕاییش زۆر مادەی تێدایە ئەو بەكتریا وەك خۆراك بەكاری دێنێت، بۆیە بۆنی ئارەقەكە ناخۆش دەبێت. 

2. شێوانی بۆنی ماسی، ئەگەرچی حاڵەتێكی زۆر بڵاو نییە، بەڵام راستەو دەبێتە هۆی دەركەوتنی بۆنێكی هاوشێوەی بۆنی ماسی لەو كەسەی هەیەتی و هۆكارەكەش بێتوانایی لەشە لە هەڵوەشاندنەوەی مادەیەكی كیمیایی لە خۆراكی دەریاییدا هەیە. 

3. ریجیم، ریجیمی كەم كاربۆهیدرات دەبێتە هۆی دەركەوتنی بۆنێكی ناخۆشی دەم و رەنگە ئەو كات لەش ناچار بێت چەوری لەش بكاتە وزە لەبری كاربۆهیدرات و بەوەش كیتۆنات بەرهەم دێت كە بۆنی دەم بۆ بۆنی نزیك لە بۆنی میوە یان لابەری بۆیەی نینۆك دەگۆڕن.

4. جۆرەكانی میوە، خواردنی سێو گازێكی زۆر دروست دەكات، هەروەها لەوانەیە لەش تووشی سەختی بێتەوە لەكاتی هەرسكردن و مژینی كاربۆهیدرات لە هەندێك جۆری خۆراك وەك لە میوەكانی سێوو مێوژ، ئەوانەش با دروست دەكەن. 

5. خواردنەوەی كهوول، ئەگەری هەیە زۆر خواردنەوەی كهوول بۆنێكی ناخۆش بە پێست ببەخشێت، كاتێك جگەر كار بۆ گۆڕینی ئەو كهوولە دەكات كە دەچێتە ناو لەشەوە بۆ ترشێكی دیاریكراوو لەگەڵ ئارەقە دەچێتە دەرەوەو دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆنێكی ناخۆش لە پێست و لە هەناسەش. 

بۆنە ناخۆشەكانی لە مرۆڤ دەردەچن زۆر جار پێوەستن بە دۆخی تەندروستی ئەو كەسەوە جا لە ئارەقەكردن یان هەناسە یان میزو پیسایی و پاشەڕۆوە، بۆیە ئەگەر هەست بە بوونی بۆنێكی ناخۆشی لەش بكەیت، رەنە پێویستیت بە چوونە لای پزیشكی شارەزاو ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی هەبێت، لە هۆكارەكانی تری ناخۆشی بۆنی لەش، هەوكردنی زێی ژن كە دەردراوی بۆن ناخۆش دەردەدات، كەڕووی قاچەكان یان هەوكردنی بەكتریایی، هەوكردنی دەم و ددانەكان بەهۆی كەڕوو و بەكتریاوە.

نەخۆشی شەكرە كە كار دەكاتە سەر گۆڕینی بۆنی دەم و میز بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەكرەی خوێنەوەو لەش ناتوانێت تەواوی گلوكۆز هەڵبمژێت و لە رێگەی میزەوە دەكرێتە دەرەوە، هەوكردنی رێڕەوی میز كار دەكاتە سەر بۆنی میزەكەو ناتەواوی ئەنزیمی تایبەت بە شیكردنەوەی لاكتۆز (شەكری شیر)، كە شەكرەكە دەچێتە ریخۆڵەو لەوێ لەناو قۆڵۆن دەترشێت و بۆنێكی ناخۆش دەداتە پاشەڕۆ، جیا لە پەككەوتنی گورچیلە كە ناتوانێت كاری خۆی وەك پێویست ئەنجام بدات و ژەهرەكان و پاشەڕۆكان لە لەشدا كەلەكە دەبن و بۆنی هەناسە بۆ بۆنی ئەمۆنیا دەگۆڕن.

رۆژنامەی هەولێر