ئەگەر ڤیتامین D لەجەستە كەمبكات، ئەمانە ڕوودەدەن

09/08/2019 - 09:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

زۆرێك وای بۆ دەچن كە خواردنی ئەو خۆراكانەی هەموو پێكهاتە خۆراكییەكان لەخۆ دەگرن بریتییە لە بنەمای سەرەكی خۆراكی تەندروست، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی هەموو مادە پێویستەكان وەك ڤیتامین دی.

ڤیتامین دی بە هاوشێوەی هەر پێكهاتەیەكی خۆراكی تر ئەگەر لە لەشدا كەم یان زیاد بكات كاریگەری دروست دەكات، ڤیتامین دی بەهۆی سوودە زۆرەكانی ئەگەر لە پێویستی لەش كەم بێت كاریگەری نەرێنی هەیە، بە هەمان شێوە زیادبوونی، یان هاوكات كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی دەبێت، لە نیشانەكانی كەمی ڤیتامین دی:

1. ئازار لە ئێسك و پەلەكان، شارەزایان ئاماژە بۆ زەحمەتی جووڵەكردن و رەقبوونی لەش و بەشێكی دەكەن دوای لەخەوهەستان، بەتایبەتی لە زستان كە رەنگە هۆكارەكەی كەمی ڤیتامین دی بێت.

2. كێشی زیادی لەش، زیادبوونی چەوری لەش رەنگە كاریگەری نەرێنی بۆ سەر ئاستی ڤیتامین دی هەبێت لە خوێندا، چونكە ئەو ڤیتامینە لە چەوریدا دەتوێتەوە.

3. پێستی تاریك، جیاوازی دیمۆگرافی كار دەكاتە سەر كەمی ڤیتامین دی، چونكە بۆیەی پێست وەك پارێزەر لە تیشكی خۆر كار دەكات كە سەرچاوەیەكی ڤیتامینەكەیە، بۆیە ئەوانەی خاوەن پێستی تاریكن پێویستە زیاتر خۆیان بەر تیشكی خۆر بدەن بۆ دەستكەوتنی.

4. ئارەقەكردنی زۆری سەر، یەكێكە لە نیشانەكانی باوی كەمی ڤیتامین دی.

5. كێشە لە ریخۆڵە، ئەو كەسانەی بەدەست هەوكردنی ریخۆڵەوە دەناڵێنن، زیاتر نیشانەكانی كەمی ڤیتامین دیان بەسەر دیار دەكەوێت، كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی مژینی چەوری كە هۆكاری توانەوەی ڤیتامین دییە. 

لەوكاتەی شارەزایان باس لە گرنگی و سەرچاوەكانی دەستكەوتنی ڤیتامین دی دەكەن بە چوونە بەر خۆر لە سەعات 10 ی بەیانی تا سێی دوای نیوەڕۆ، توێژینەوەیەكی نوێی ئەمریكی دەریدەخات كە راستە زیادبوونی رێژەی ڤیتامین دی لە لەشی مرۆڤ دەبێتە هۆی باشتربوونی بیرهاتنەوەو یادەوەری مرۆڤ، بەڵام لە بەرانبەردا هۆكاریشە بۆ سستی و خاوی كاردانەوەی. 

توێژینەوەكە كە لەلایەن زانایانی زانكۆی رۆتجرزی ئەمریكی ئەنجامدراوە دەری دەخات كە وەرگرتنی بڕێكی زۆری ڤیتامین دی رەنگە بەسوود بێت بۆ باشتركردنی بیرهاتنەوەو یادەوەری مرۆڤ، بەڵام هۆكارە بۆ خاوی و سستی كاردانەوەی و لە توێژینەوەكە ژمارەیەك ژن لە تەمەنەكانی (50 – 70) ساڵ بەشدار بوون.

ئەو ژنانە كرانە سێ گرووپ یەكەمیان رۆژانە (600) یەكەی نێودەوڵەتی ڤیتامین دیان پێ دەدرا بۆ ماوەی ساڵێك و گرووپی دووەم دوو هەزار یەكەو گروپی سێیەم چوار هەزار یەكە، توێژەران بۆیان دەركەوت لە گروپی دووەم توانای مێشكیان باشتر بووە، بەڵام سستییەك لە كاردانەوەیان دروست بووە، لەو كاتەی لە گروپی سێیەم ئەو سستییە زیاتر بوو بە بەراورد بە گروپی دووەم.

توێژەران پێیان وایە كە ئەو سستبوونە بەتایبەتی لە كەسانی بەتەمەن، كێشەیەكی گەورەیەو كاریگەری هەیە بۆ سەر كاردانەوەی لەشیان بەتایبەتی كاتێك دەیانەوێت چاڵاكی ئەنجام بدەن لەوانە رۆیشتنی ئاسایی و گرتنەوەی شتێك كە بۆیان بهاوێژرێت.