بەهارات سوودی تەندروستی جەستەیی و دەروونی زۆرە

14/08/2019 - 16:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

بەهارات تەنیا چێژی خواردنەكان بە تام ناكات، بەڵكو سوودی بۆ تەندروستی و دەروون دروستی مرۆڤ هەیە، چونكە دەشێ لە زۆر نەخۆشی بمانپارێزێت و لە كۆڵ بەكارهێانی دەرمانمان بكاتەوە، لەم گەشتە وێنەدا گرنگترین و بەسوودترین بەهاراتەكان بۆ تەندروستی بناسە.

1. سیر بۆ چارەسەری بەرزەپەستانی خوێن : یەكێك لەو‌ بەهاراتانەی كە لە كۆنەوە ناسراوە سیرە، هەرچەندە بۆنەكەی زۆر بەهێزەو (خۆش نییە)‌، بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەمێنێتەوە، بەڵام ئەم بۆنە چارەسەرێكی كاریگەرە بۆ جەستە، چونكە لە ماددە كیمیاییە رووەكییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت، سیر ‌پەستانی خوێن دادەبەزێنێت و رێگە لە تووشبوونی خوێن مەیین (جەڵتە) دەگرێت.

2. زەردەچەوە : زەردەچەوە پێنج سوودی تەندروستی هەیە، كۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت، كاریگەری كارای هەیە وەك دژە ئۆكسان، چارەسەرێكی گونجاوە بۆ زۆربەی هەوكردنەكان، رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە دەگرێت و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر كەم دەكاتەوە.

3. زەنجەفیل (زەنجەبیل) : بە یەكێك لە بەناوبانگترین ئەو بەهاراتانە دادەنرێت كە هەر لەكۆنەوە بەكارهاتووە، لە پزیشكی چینییدا بۆ چارەسەری هەوكردنی رۆماتیزم و هەوكردنی جومگەكان بەكارهاتووەو وەك ئازارشكێن بەكاردێت و دژە ئۆكسێنە.

4. زافەران (زەعفەران) : زۆر لە تۆژینەوەكان دەریانخستووە، زافەران كاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر دەرووندروستی مرۆڤ، چونكە یارمەتیدەرە لە چارەسەركردنی خەمۆكی، هەروەها بۆنەكەی نیشانەكانی كۆمەڵە ‌نەخۆشییەكی جەستەیی و دەروونی سووك دەكات.

5. دارچین : لە زۆر ژەمە خۆراكییەكان و دروستكردنی شیر‌ینییەكان بەكاردێت، سەرباری سوودە تەندروستییەكانی هەندێ لە جۆرەكانی دارچین لە مەترسی بەدەرنین، چونكە ئەو جۆرانەی كە ئاوێتەی (كۆمارین) یان تێدایە یان دارچینی چینی، دەبێتە هۆی تێكدانی جگەر، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە پشتڕاستی بكاتەوە كە دارچین ئاستی شەكر لە خوێندا دادەبەزێنێت، هەروەك هەندێ كەس بانگەشەی بۆ دەكەن.

6. ئەنیسۆ (یانسۆن) : بۆ چارەسەركردنی گرژبوونی ماسوولكەكان و كێشەكانی كۆئەندامی هەرس و هەوكردنەكان سوودبەخشە.

7. جاترە : لە سروشتدا زیاتر لە (200) جۆر رووەكی جاترە هەیە، بەناوبانگترین جۆرەكانی جاترە پێی دەگوترێت (جاترەی راستەقینە)، كە ترشەڵۆكی (رۆزمارینیك) ی تێدایەو كار لەسەر دابەزاندنی ئاستی كۆلیسترۆڵ دەكات لە خوێندا، هەروەها جاترە بۆ چارسەركردنی نەخۆشییەكانی سەرمابردەیی بەكاردێت یان وەك دەرمانی كۆكە بەكاردێت.