چۆن خۆمان لەبەردی زراو بپارێزین ؟؟

21/08/2019 - 09:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

بەردی زراو لە ناو تورەكەی زراو دروست دەبێت كە بریتییە لە كیسێكی بچووك راستەوخۆ دەكەوێتە ژێر جگەرەوەو ئاوگی زراو كۆ دەكاتەوە كە جگەر بەرهەمی دێنێت، فەرمانی ئەو ئاوگەش یارمەتی لەش دەدات بۆ هەرسكردنی چەوری، ئەو كاتەی ئاوگەكە لە كیسەكەوە بە ئاراستەی ریخۆڵە باریكە دەچێت لە رێگەی لوولەی بچووكەوە بەناوی كەناڵی زراودا.

بەردی زراو لەناو كیس یان تورەكەی زراو لە كۆلیسترۆڵ و مادەی تر دروست دەبێت و قەبارەكەی جیاوازە لە بچووك و گەورە تا گەورەتر لە تۆپی یاری گۆڵف، زۆر جار ئەو بەردە هیچ كێشەیەك دروست ناكات، بەڵام كاتێك دەبێتە هۆی داخرانی لوولەی گواستنەوەی زراو، ئەوكات پێویست بە چارەسەری و لادانی دەكات.

زۆرینەی ئەو كەسانەی بەردی زراویان هەیە نیشانەیەكی داریكراویان بەسەردا دەرناكەوێت، بەڵام ئەگەر دەركەوت ئەوە خۆی لە ئازاری ناوەند لە بۆشایی سك یان بەشی سەرووی راستی سك دەبینێتەوە كە دەكرێت بەرەو لای راستی پشت یان شانی راست درێژ ببێتەوەو رەنگە هەندێك جار ئازارەكە توند بێت بەردەوان یان پچڕ پچڕ دەبێت یان لەكاتی نانخواردن ئازارەكە زیاتر دەبێت.

كاتێك بەردی زراو یەكێك لە لوولەكانی گواستنەوەی زراو دادەخات، نەخۆش ئازارو تای دەبێت و رەنگی پێست زەرد هەڵدەگەڕێت و رەنگی چاوەكانیش سپی دەبێت، لەو حاڵەتانەش پێویستە بێ دواكەوتن سەردانی پزشك بكرێت، چونكە كەڵەكەبوونی بەردەكان لە لوولەكانی زراو مەترسی تووشبوون بە هەڵاوسان و هەوكردنی پەنكریاس زیاتر دەكات و ئەو نیشانانەش ئەگەر هەبن ئاماژەن بۆ هەوكردنی تورەگەی زراو.

لە حاڵەتی دروستبوونی ئازارێكی كتوپڕو تووند لە ناوچەی سك یان سنگ بۆ دڵنیابوون لە هۆكاری راستەقینەی نەخۆشییەكە پێویستە پەیوەندی بە پزیشك بكرێت بەمەبەستی چارەسەركردن بە شێوەیەكی خێراو بێ دواكەوتن، چونكە نیشانەكانی تووشبوون بە بەردی زراو زۆر هاوشێوەیە لەگەڵ نیشانەكانی ئازاری كتوپڕ لە حاڵەتی تووشبوون بە نۆرەی دڵ یان چەندان نەخۆشی تری مەترسیدار.

پزیشكان رێنوێنی دەدەن بەوەی باشترین رێگە بۆ ئەوەی خۆت لە دروستبوونی بەردی زراو بپارێزیت، خۆدوورخستنەوەیە لە ژەمی چەورو دووپاتی دەكەنەوە كە گرنگترین هۆكارەكانی دروستبوونی بەردی زراو بریتییە لە قەڵەوی و زیادبوونی رێژەی كۆلیسترۆڵی خوێن.

(شوكری عەزیز) پزیشكی راوێژكار نەخۆشییەكانی هەناو لەو بارەوە وریایی لە خواردنی ژەمی چەورو خواردنی پڕچەوری وەك ئایسكرێم و رۆنی خۆماڵی و شیرو هێلكەو پەنیر دەدات و دووپاتی دەكاتەوە كە گرنگترین هۆكارەكانی دروستبوونی بەردی زراو بریتییە لە قەڵەوی و زیادبوونی رێژەی كۆلیسترۆڵی خوێن.

توورەگەی زراو دەكەوێتە ژێر رژێنی جگەرو كار بۆ كۆكردنەوەی شلەی زەرداوو كردنەدەرەوەی لە رێگەی كەناڵێكی تایبەت بۆ ریخۆڵەكان دەكات، ئەوەش دوای خواردنی ژەمی چەور كە یارمەتی هەرسكردن و مژینی دەدات.

بەردی زراو زیاتر تووشی ژن دەبێت لە ئەنجامی بەكارهێنانی حەبی نەهێشتنی دووگیانبوون و دەرمانی تریش كە كار لە هۆڕمۆنەكانیان دەكات، جیا لە نزیكبوونەوەی ژن لە كۆتاهاتنی یەكجارەكی سووڕی مانگانە، واتە دوای گەیشتنیان بە تەمەنی (40) ساڵ ئەوان ئەگەری تووشبوونیان بەو بەردە هەیە. 

بۆ رێگریكردن لە دروستبوونی بەردی زراو پێویستە ئەوانە بكرێت، زۆرخواردنی سەوزەو میوەو پەنابردنی بۆ خۆراكی تەندروست و خۆپاراستن لە خواردنی زۆر چەورو شیرین خواردنەوەی رۆژانەی هەشت كووپ ئاو ئەنجامدانی وەرزش و رۆیشتنی نیو سەعاتی رۆژانە. 

ئەژین عەبدولڵا – هەولێر