شێوازی ژیان كاریگەری هەیە بۆ كەمكردنەوەی نەخۆشی

21/08/2019 - 09:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

نەخۆشیەكانی مێشك، لەنێویاندا لەبیرچوونەوە یەكێكە لەنەخۆشیە بەربڵاوەكان لەجیهاندا، لەتازەترین لێكۆڵینەوە دەركەوتووە گۆڕینی شێوازی ژیان كاریگەری هەیە لەسەر كەمكردنەوەی مەترسیەكانی توشبوون بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە بەبێ گوێدانە هۆكاری خانەكان و بۆماوەییەكان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی (بی ‌بی ‌سی) توێژینەوەكان دەریانخستووە، كە هەموو كەسێك دەكرێت مەترسیەكانی تووشبون بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە (دێمنشیا) كەمبكاتەوە هەتا ئەگەر بێتو لەنێو خێزانەكەیشیدا ئەو حاڵەتەیان هەبوبێت.

لێكۆڵینەوەیەك لەزانكۆی ئێكستەر لەسەر نزیكەی (200) هەزار كەس ئەنجامدراوە، ئەوە دەركەوتووە كە بەگۆڕینی شێوازی ژیان كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی مەترسی توشبون بە (دێمنشیا) بەڕێژەی یەك لەسەر سێ دروستدەكات، هەڵبەتە ئەو نەخۆشیە لەپیریدا باوە، بەڵام دەكرێ لەتەمەنی شەستەكان و بەرەو سەرەوە نیشانەكانی دەركەون.

چی بەشێوازی ژیانێكی تەندروست دادەنرێ ؟؟

توێژەرەكان هەستاون شێوزای ژیانێكی تەندروستیان بۆ خەڵكی دیاریكردووە لەوانە پێكهاتەیەك لە وەرزش و پارێزی خۆراك و خواردەمەنیەكان (دایت) و خواردنەوەی كحول و جگەرە كێشان.

ئەوانەی كە تۆمارێكی باشیان بەدەستهێناوە ژیانێكی تەندروستیان هەبووە ئەوانەبوون كە جگەرە ناكێشن، حەفتانە نزیكەی دوو سەعات و نیو بەپێیان دەڕۆن یان پاسكیل سواری دەكەن، وە پارێزی خواردنیان باشە لەوانە گرنگیدەدەن بە خواردنی زیاتر لە سێ دانە میوەو سەوزە لەڕۆژێكدا، وە حەفتانە دوو پارچە ماسی دەخۆن و بەدەگمەن گۆشتی سوور دەخۆن، هەروەها خواردنەوە كحولیەكانیشیان ناخۆنەوە.

وە ئەوانەی كەشێوازی ژیانیان ناتەندروست بوو بریتی بوون لەوانەی كە بەبەردەوامی جگەرە دەكێشن، وەرزشی ڕێكوپێك ناكەن، وە میوەو سەوزە كەمدەخۆن یان كەمتر لە سێ سەوزەو میوە دەخۆن لەڕۆژێكدا، وە گوشتی سوور زۆرتر دەخۆن و، هەروەها كحولیش دەخۆنەوە.

شێوازی ژیان چۆن كاریگەری دروستدەكات ؟؟

ڕاپۆرتەكە لێكۆڵینەوەی لەسەر زیاتر لە (383) هەزار كەس كردووە كە تەمەنیان (64) ساڵ بووەو بۆ ماوەی هەشت ساڵ ئەو لێكۆڵینەوەو توێژینەوەیە لەسەریان بەردەوام بووە.

هەر لەو ماوەیەدا شیكاری (دی ‌ئێن ‌ئەی) یشیان بۆ كراوە تاوەكو هەڵسەنگاندنی مەترسی خانەكان لەسەر دروستكردن و گەشەكردنی نەخۆشیەكانی لەبیرچوونەوەیان بۆ بكەن.

لە لێكۆڵینەوەكەدا دەركەوتووە، (18) حاڵەتی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دروستدەبێت لە هەر (1000) كەسدا ئەگەر بێت و خانەكانیان هەڵگری ئەو مەترسیە بن و دواتریش لەماوەی ژیانیاندا بەشێوازی ناتەندروست بژین.

بەڵام ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ (11) كەس لەو (1000) كەسە كە بەهەمان شێوەی ئەوانەی سەرەوە خانەكانیان هەڵگری ئەو مەترسیەبوون، بەڵام ئەو كەسانە شێوازی ژیانیان تەندروست بووەو گرنگیان بەتەندروستیانداوە.

لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە، جیاوازی ڕێژەكە لەوانەیە كەم دەركەوێ، بەڵام لێكۆڵینەوەكە هەڵسەنگاندنی بۆ خەڵكانێك كردووە كە تەمەنیان لەناوەڕاستی شەستەكاندا بوەو ئەو تەمەنە هێشتا تەمەنێكی زووە بۆ توشبوون بە نەخۆشی (دێمنشیا). 

توێژەران دەڵێن دابەزاندنی (دێمنشیا) بەڕێژەی یەك لەسەر سێ كاریگەری گەورەی دەبێت لەتەمەنی پیریدا كە ئەو تەمەنە كاتێكی هەستیارو باوە بۆ توشبوون بەنەخۆشیەكانی لەبیرچوونەوە.

ئایا دەكرێ (دێمنشیا) بەتەواوەتی بنبڕبكرێت ؟؟

بەداخەوە ئەوە ناكرێ ناتوانرێ چارەسەری ئەو حاڵەتەبكرێ، بۆیە دەتوانی ژیانێكی پیرۆزو بەختەوەر بژیت، بەڵام هێشتا لەوانەیە تووشی ئەو نەخۆشیە ببیت، ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە شێوازی ژیان تەنها ڕێگایە كە كاریگەری لەسەر ئەو حاڵەتە هەیەو ڕێژەكەی دادەبەزێنێت، وە تاوەكو ئێستا دەرمانیش بۆ گۆڕینی كۆرسی ئەو نەخۆشیە لەبەردەستدانیە، كەواتە تەنها دەرفەت بۆ كەمكردنەوەی مەترسیەكانی توشبون ئەوەیە كە گرنگی بەشێوازی ژیانێكی تەندروست بدرێت ئەوەش بەهەموو كەسێك دەكرێت.

شیاوی باسكردنە، ئەو لێكۆڵینەوەیە تازەیە توێژینەوەیەكی گرنگ و دڵخۆشكەرە بۆ هەموو كەس، كە دەكرێ مەترسیەكانی توشبوون بەنەخۆشیەكانی لەبیرچوونەوە، زەهایمەر كەمبكرێتەوە.

لەوانەیە خەڵكی نیگەرانبن كە لەخێزانەكەیاندا ئەو نەخۆشیە هەیەو ئەوانیش تووشی دەبن، واتە لەمێژووی خێزانیاندا نەخۆشی (دێمنشیا) و (زەهایمەر) یان هەیە و ئەوانی دیكەش دەكرێ توشببن، بەڵام (د. دەیڤد) توێژەرەوەی ئەو نەخۆشیە دەڵێ: ئەوە گرنگ نیە كە لەمێژووی خێزاندا ئەو حاڵەتە هەبوبێت، چونكە دەتوانرێ ئاستی توشبون بەو نەخۆشیە كەمبكرێتەوە ئەگەر بێت و شێوازی ژیانێكی تەندروست هەڵبژێرن.

هەروەها (فیۆنا كارافەر) لە دەستەی زەهایمەر دەڵێ، لەكاتێكدا لە بەریتانیا لەهەر سێ دەقیقەیەك كەسێك نەخۆشی (دێمنشیا) ی تێدا گەشەدەكات، بەڵام ئەوە مایەی دڵخۆشیە كە دەزانرێت چۆن ئەو مەترسیە كەمبكرێتەوە، بەڕاستی شتێكی باشە.

تەنها گۆڕینی شێوازی خۆراك و وەرزشكردن كاریگەری گەورە دروستدەكات لەسەر تووشبوون بەنەخۆشیەكانی لەبیرچوونەوە.

كەواتە لەكاتێكدا كە ناتوانین خانە بۆماوەیەكانمان بگۆڕین، بەڵام خۆ دەتوانین شێوازی ژیانمان بگۆڕین، ئەوە لەئێستادا تاكە ڕێگای كەمكردنەوەی مەترسیەكانی تووشبوون بەنەخۆشیەكانی لەبیرچوونەوەیە.

(دێمنشیا) و (زەهایمەر) یەك جۆر نین، لەبیرچوونەوە یەكێكە لەباوترین شێوەكانی (دێمنشیا) و بەتایبەتی ئەو كەسانەن كە شتەكانیان بیرنایەتەوەو لەنێویاندا ڕووداوە تازەكانیان لەبیرچۆتەوە، لەنیشانەكانی دیكەی (دێمنشیا) بریتیە لە گۆڕانكاری لەهەڵسوكەوت و میزاج و كەسایەتی نەخۆشەكەدا دروستدەبن، بۆ نموونە وەكو كەسێكی ونبوی لێدێ و زۆرجار ناتوانێ وشەی گونجاو بۆ قسەو گفتوگۆیەكانیش بدۆزێتەوە، بەڵام نەخۆشی (زەهایمەر) یەكێكە لەو نەخۆشیە باوانەی كە دەبێتە هۆی دروستبوونی (دێمنشیا).

ئێستا لەجیهاندا نزیكەی (50) ملیۆن كەس لەگەڵ (دێمنشیا) دا دەژین، وە حاڵەتەكان پێشبینی ئەوەیان لێدەكرێ تاوەكو ساڵی (2050) ڕێژەی توشبوان بەرزبێتەوە بۆ (130) ملیۆن كەس.

وە بەپێی داتایەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی مردن بەهۆی نەخۆشی (دێمنشیا) یەوە لەوەتەی ساڵی (2000) ەوە بۆتە دووئەوەندەو وە ئێستا نەخۆشی (دێمنشیا) پێنجەم گەورەترین كوژەرە لەجیهاندا.