لە ژیانی هاوسەرداری رەچاوی ئەم خاڵانە بكەن

22/08/2019 - 10:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

تەندروستی سێكس بەشێكی گرنگی تەندروستی جەستەی مرۆڤەو بنەمایەكی سەرەكی تەندروستی بەشەكانی تری جەستەو دەروونی و مێشكیشە وە بۆ زۆرێك لە خەڵك سەركەوتن و شكستیان لە ژیانی رۆژانەو ڕووە كۆمەڵایەتییەكەی پێشان دەدەن، زۆرێك لە پیاوان دووچاری كێشەكانی سێكسی هاتوونەتەوە كە كاریگەرییەكی گەورەی بۆ سەر ژیانی رۆژانەو ناو خێزان هەیەو دەبێتە هۆكارێكی خۆبەكەمزانین و كار لە تەواوی ژیانی خێزانی و كەسایەتی و كارو بیركردنەوەیش دەكات.

خاتوو (ماگی گیتۆی) پزیشكی شارەزا لە پێوەندییەكانی هاوسەرو خێزان لە ماڵپەڕی ستاندەرد میدیای بەریتانی لە (11) خاڵدا ئەو هۆكارانەی كە دەبنە بەربەست لەبەردەم ژیانێكی سەركەوتووی سێكسی یانیش زیاد بوونی توانای سێكسی، خستوویەتییەڕوو:

1. ماندووبوون و سترێس، یەكێكە لە دیارترین هۆكاری شكستی ژیانی سێكسی بەهۆی زۆر بیركردنەوە لە ژیانی رۆژانە لە كێشەكانی كارو ناوماڵ و داهاتووی منداڵ، بۆیە ئەوانە هەموو لە دەرەوەی ژووری نووستن جێبێڵە. 

2. كهول، ئەگەر ئالوودەی خواردنەوەی كهولیت ئەوە ژیانی سێكسیت كێشەی هەیە بەوەی هۆكارێكی سەرەكییە بۆ خەمۆكی كە میزاجی مرۆڤ دەشێوێنێت و لە هاوسەرەكەی دووری دەخاتەوە، جیا لەوەی كاری سیستەمەكانی لەش سست دەكات و كار لە توانای سێكسی دەكات. 

3. جگەرەكێشان، توێژینەوەكان دەریانخستووە كە نیكۆتین جیا لەوەی ژەهرە بۆ لەش، كاریگەری بۆ سەر دوو ئەندام هەیە كە بۆ سێكسكردن زۆر پێویستن ئەوانیش دڵ و سییەكانن. 

4. هاوسەر یان هاوبەشی ژیان، شەرمكردن یان سڵكردنەوە لە پرۆسەی سێكس لەلایەن هاوبەشی بەرانبەر ئارەزووی سێكسی لەناو دەبات و سستی دەكات و لەسەر شێوەی كێشەی خێزانی دیار دەكەوێت، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا بكرێت. 

5. تەندروستی جەستە وەك ئەندامەكانی زاوزێ لای هەردوولا، بەتایبەتی ئەگەر بەتەمەنداچووبن، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا بكەن و كێشەكانیان باس بكەن بۆ گۆڕینی ژیانیان بەرەو باشتر. 

6. فەرامۆشكردنی سێكس، ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە (45) ساڵ رەتی داوە ئەگەر لە هەفتەیەكدا بەلایەنی كەم جارێك سێكس بكەن، بەرێژەی (40%) كەمتر تووشی لاوازی سێكسی دەبنەوە بە بەراورد بەوانەی سێكس فەرامۆش دەكەن و گرنگی پێ نادەن. 

7. فەرامۆشكردنی راهێنانی وەرزشی، بڵاوكراوە زانستییەكانی ئەمریكا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە فەرامۆشكردنی راهێنانی وەرزشی وا دەكات پیاوان بە رێژەی (50%) زیاتر تووشی لاوازی سێكسی ببنەوە بە بەراورد بەوانەی رۆژانە یەك سەعات وەرزش دەكەن، مەرجیش نییە وەرزشەكەت سەخت بێت، بەڵكو دەتوانی تەنیا بە رۆیشتن ئەو كارە ئەنجام بدەیت. 

8. كەمخەوی كاتێك نووستن لە كاریگەرییەكانی شەكەتبوون رزگارت دەكات و توانای لەشت چاڵاك دەكاتەوە كاتێك توێژینەوەكان ئەوەیان سەلـماندووە كە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان نووستن و توانای بەرهەمهێنانی گون هەیە بۆ هۆرمۆنی تێستیستریۆن (هۆرمۆنی پیاوەتی)، كە بەرپرسیە لە بەرهەمهێنانی سپێرم و توانای سێكسی پیاو، بۆیە پێویستە بەلایەنی كەم رۆژانە پیاو پێنج سەعات بخەوێت. 

9. دووركەوتنەوە لە فاست فوود، دەركەوتووە كە ئەو پیاوانەی زۆر فاست فوود دەخۆن كە بڕێژكی زۆری چەوری و رۆنی تێدایە، دەبێتە هۆی كەلەكەبوونی چەورییەكە لەناو لوولەكانی خوێنی ئەندامی نێرینە و وا دەكات هاتنی هخوێنی پێویست بۆ رەقبوونی بە زەحمەت روو بدات. 

10. سەیركردنی تەلەفزیۆن كە توێژینەوەكان دەریان خستووە سەیركردنی تەلەفزیۆن بۆ ماوەی زیاتر لە (44) سەعات لە هەفتەیەكدا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی سپێرم لەلایەن گونی پیاوەوە.

11. خواردنەوەی رۆژانەی قاوە كاتێك توێژینەوەكان دەریانخستووە خواردنەوەی رۆژانەی دوو كوپ قاوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی توانای رەقبوونی ئەندامی نێرینەو تەندروستییەكی باشتری سێكسی بە بەراورد بەوانەی قاوە ناخۆنەوە، چونكە كافایین كە لە قاوەو چادایە، دەبێتە هۆی فراوانبوونی لوولەكانی خوێن و چوونی خوێنێكی زۆر بۆ چووك كە پێویستە بۆ رەقبوون و پارێزگاریكردن لە رەقبوونی لەكاتی پرۆسەی سێكسدا.

ماكوان عیززە‌ت – هەولێر