چۆن منداڵ تەندروست دەبێت ؟؟

30/08/2019 - 10:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

منداڵ بۆ كەسانێك ئومێدێكی زۆرەو شەوانە خەونی پێوە دەبینن، بۆیە هاوسەران كە دەبن بە خاوەنی منداڵ پێویستە بزانن چۆن منداڵێكی تەندروست لە رووی جەستەو دەروونییەوە بەرهەم دێنن، ئەوەش هەر لە قۆناغی پێش دووگیانییەوە دەست پێ دەكات بەوەی لەشی دایك پێش دووگیانبوون تەواو ئامادە بێت بۆ قۆناغی دووگیانی و لەكاتی دووگیانییەكەش و دوای لەدایكبوونیشەوە، ئەوانەش هەمووی لە رێگەی كردنەوەی دۆسیەیەكە لەلایەن دایك و باوك یان پڕۆژەی چۆن پارێزگاری لە تەندروستی منداڵەكەم دەكەم.

سەرەتا هەر لەگەڵ دروستبوونی بیرۆكەو خواستی بوون بە خاوەنی منداڵ پێویستە باوان گرنگیدان بە تەندروستی منداڵەكەیان دەست پێ بكەن كە ئامادەسازی و بڕیارەكانیان بەتەواوەتی بەسەر تەندروستی و سەلامەتی منداڵەكەیان رەنگ دەداتەوە بۆ داهاتوو، دوای دروستبوون و هاتنە دنیاشی بە هەمان شێوە، بۆیە پێویستە باوان پڕۆگرامێكیان بۆ دابینكردنی خۆراكی پێویست و گەشەكردنی جەستەیی پێویست هەبێت، جیا لە پاراستنی لە نەخۆشییە جیاجیاكانەوە لە رێگەی وەرگرتنی پێكوتەكان لەكاتی گونجاو، هەروەها دابینكردنی هەستكردنیان بە دۆخێكی ئارام و تەناهو چوونیان بۆناو كۆمەڵگە بە شێوەیەكی دروست. 

لەو شتانەی پێویستە باوان ئاگاداری بن لە كاتی بوونی خواستی هێنانی منداڵێك بۆ دنیا لەوانە:

1. پلاندانان بۆ دووگیانێكی تەندروست، پێویستە لە قۆناغی پێش دووگیانیدا دایك و باوك خۆیان بۆ قۆناغەكە ئامادە بكەن وەك دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی كهول و جگەرەكێشان و وەرگرتنی فۆلیك ئەسید بۆ رێگرتن لە دروستبوونی شێوانی زگماكی لە كۆرپلە لەكاتی دروستبوونی لە چوار مانگی یەكەمی دووگیانیدا. 

2. شیردانی سروشتی، شیری دایك هەموو پێكهاتە گرنگ و پێویستە خۆراكییەكانی بۆ كۆرپەلە تێدایە، بۆیە بۆ زیاترین ماوە پێویستە شیری دایك بدرێتە منداڵ كە جیا لە بەهێزكردنی بەرگرییەكەی، پەیوەندی نێوان منداڵ و دایك بەهێزتر دەكات. 

3. دابینكردنی خۆراكی سروشتی، لەگەڵ گەورەبوونی منداڵ و دەستكردنی بە خواردنی خۆراكی ئاسایی، پێویستە خۆراكی تەندروست و تەواوی پێ بدرێت نەوەك دروستكراو و دەوڵەمەند بە شەكرو كالۆری و چەوری ناتەندروست كە ئەوەش بەهێزیان دەكات و بنیاتی ماسولكەو ئێسك و جەستەیان بەهێز دەكات، جیا لە بەهێزكردنیان لە بەرانبەر نەخۆشییەكانەوە، هەروەها پێویستە بڕی پێویستی ڤیتامینی تێدا بێت و تەواوكەری خۆراكیش پێویست دەكات لە خۆراكیدا هەبێت، بەڵام بە راوێژی پزیشك بێت. 

4. هاندانی چاڵاكی جەستەیی منداڵ، پێویستە منداڵ بۆ ئەنجامدانی چاڵاكی جەستەیی و راهێنانی وەرزشی هان بدرێت تا ماوەی سەعاتێك لە رۆژدا كە كاریگەری گەورەی بۆ سەریان هەیە بۆ بەهێزكردنی ماسوولكەو ئێسكیان، بۆیە باشترین شت وەرزشكردنی بە كۆمەڵە لەگەڵ خێزان كە هانی منداڵ دەدات. 

5. دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، واتە خۆپاراستن لە جگەرەكێشان لە نزیك منداڵ بەهۆی كاریگەرییە نەرێنییەكانی بۆ سەر تەندروستییەكەی، بۆ نموونە جگەرەكێشانی دایكی دووگیان چەندان كێشەی تەندروستی لە خۆی و منداڵ دروست دەكات لەوانە زیادبوونی مەترسی زوو لەدایكبوون و تووشبوونی منداڵ بە چەندان نەخۆشی وەك رەبۆو هەوكردنی بۆڕییەكانی هەواو سییەكانی و مردنی منداڵی ساوا. 

6. پشكنینی خولی منداڵ، وەك پشكنینی چاوو ددان كە رێگرن لە تەشەنەكردن و پەرەسەندنی حاڵەتەكانیان، بۆ نموونە چارەسەر نەكردنی كلۆربوونی ددان رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی كێشەی قسەكردن و فێربوون. 

7. فێركردنی منداڵ بە چەند خوو و هەڵسوكەوتێكی رۆژانەی وەك شووشتنی دەست و ددان و بەستنی پشتێنەی سەلامەتی و سەیرنەكردنی تەلەڤزیۆن بۆ ماوەی دوورودرێژ. 

8. خواردنی ژەمی بەیانیان، ژەمی بەیانی سوودی زۆری هەیەو ئاستی وزەو چاڵاكی مێشك زیاد دەكات لە تووشبوون بە چەندان نەخۆشی دەیپارێزێت و لە قەڵەوبوونیش دەیانپارێزێت و لە چەندان نەخۆشی درێژخایەن و مەترسیدار دەپانیارێزێت وەك شەكرەو دڵ. 

9. وەرگرتنی پێكوتەو بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری منداڵ، منداڵ بەشێك لە بەرگری لەشی لەدژی نەخۆشییەكان لە رێگەی دایكییەوە دەست دەكەوێت لە كاتی بوونی لەناو منداڵدان و دواتر لە رێگەی شیری دایكییەوە كە دژە تەنەكان لەو رێگەوە بۆی دەگوازرێنەوەو لە نەخۆشی دەپارێزن، بەڵام جگە لەوەش پێویستە بۆ پاراستنی لە نەخۆشی پێكوتەی پێویستی پێ بدرێت كە ئەوانیش بەرگری لەشی بەهێز دەكەن لەدژی نەخۆشییەكانەوە.

ماكوان عیززە‌ت – هەولێر