هۆشداری لەبارەی دەرمانێکەوە دەدرێت کە مادەی شێرپەنجەیی تێدایە

27/09/2019 - 09:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

دامەزراوەی دەرمانی كوردستان KMCA ڕایگەیاند، عیراق سەرجەم پارێزگاكانی ئاگاداركردۆتەوە لەوەی بەهۆی بوونی ماددەی شێرپەنجەیی لەناو دەرمانی رانیتیدین کە تایبەتە بە چارەسەری گەدە.

دامەزراوەی دەرمانی كوردستان KMCA ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕوونیکردووەتەوە بەپێی فەرمانێكی وەزاریی وەزارەتی تەندروستیی عیراقی فیدڕاڵ بە ژمارە (٦۳۱۹۳) لە فەرمانگەی كاروباری هونەریی وەزارەتی تەندروستیی عیراق \بەشی دەرمانسازی لە بەرواری (۲٦/۹/۲۰۱۹) كە بۆ كوردستان، بەغدا، سەرجەم پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق نێردراوە، كە تێیدا ئاگاداركردنەوەیەك دەدات بەهۆی بوونی ماددەی شێرپەنجەیی N-nitrosodimethylamine NDMA لەناو دەرمانی رانیتیدین – ranitidine بەپێی فەرمانەكە دەبێت حكومەت بە ئاگادارییەوە رانیتیدین بۆ نەخۆشخانەكانی بكڕێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نەخۆش دەتوانێت لەڕێی ڕاوێژكردن بە پزیشك و دەرمانساز دەرمانەكەی بگۆڕێت یان بەردەوام بێت لەسەر وەرگرتنی، بەڵام دەبێت تەنها ئەو دەرمانانە بكڕێت، كە پشكنینی بۆ كراوە و ستیكەری لەسەرە و هەروەها دەرمانی رانیتیدین، كە لە دەرمانخانەكان و كۆگاكاندا هەیە ناكێشرێتەوە، بەڵام دەبێت لەسەر ئاستی نەخۆش، پزیشك، دەرمانساز و نەخۆشخانەكان ڕاپۆرتی كاریگەریی لاوەكی لەسەر دەرمانەكە بدرێت بە لایەنی پەیوەندیدار.

ڕوومئشلراوەتەوە، بەپێی لێكۆڵینەوە جیهانییەكانی دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی FDA و دامەزراوەی دەرمانی ئەوروپی EMA بڕی ماددەی شێرپەنجەیی NDMA لەناو رانیتیدیندا زۆر كەمە و هەمان بڕ لەناو هەندێك خۆراكدا هەیە.

ئەو دەرمانە تایبەتە بە گەدە و ئەو ترشەڵۆکانە هاوسەنگ دەکاتەوە لە گەدەدا کە بەهەر هۆکارێک لە شێوەی سروشتی خۆیان لایاندابێت.