لە عێراق ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی ئایدز روو لە زیادبوونە

05/10/2019 - 12:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

لە عێراق ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی ئایدز روو لە زیادبوونە، پێشبینیدەکرێت بۆ ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی نزیکەی 50% ژمارەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە بەرزببێتەوە.

یه‌كی كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك رۆژی جیهانی نه‌خۆشی ئایدزە، به‌پێی دواین ئاماری رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی 37 ملیۆن كه‌س له‌جیهان هه‌ڵگری نه‌خۆشی ئایدزن.

پیاوێک کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە دەڵێت، پێش سێ ساڵ ده‌ركه‌وت ره‌وشی ته‌ندروستیم باش نییه‌، بۆیه‌ منیش سه‌ردانی پزیشكم كرد كۆمه‌ڵێك پشكنینم كرد، ئه‌و كات ده‌ركه‌وت هۆكاره‌كه‌ دیارنییە، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌كاتی سه‌فه‌ركردنم بێت یان هه‌ندێك هۆكار هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ لێی بێ ئاگاین وه‌ك كه‌رە‌سته‌كانی گواستنه‌وه‌ی خوێن، کەڵەشاخ و تاتۆکردن.

له‌ ‌ساڵی 1986 یه‌كه‌مجار له‌ عێراق نه‌خۆشی ئایدز ده‌ستنیشانكرا و 273 حاڵه‌ت تۆماركران، تاوەکو ساڵی 2007 رێژه‌ی ئایدز 475 حاڵه‌ت بوو، به‌ڵام له‌ساڵی 2017 ژمارەی تووشبووان بوو بە 185 کەس. لە ساڵی 2018ـەش‌ گه‌یشته‌ 224 كه‌س و پێشبینی ده‌كرێت بۆ ساڵی 2019 بگاته‌ 500 تووشبوو.

هاوکات ئەو ئامارانە بەتەنها بۆ كه‌سانه‌ن كه‌ ناویان تۆماركراوه‌ له‌ پشكنین، جگه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌شوێنی تایبه‌ت پشكنینیان ئه‌نجامداوه‌ و ناویان تۆمارنه‌كراوه‌.

دكتۆر عه‌باس مەحموود، به‌ڕێوەبه‌ری تاقیگه‌ی ناوه‌ندی بۆ ئایدز باس لەوە دەکات، لای ئێمە بەگشتی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان یه‌ك رۆژ زیاتر ناخایەنێت‌، به‌ڵام به‌پێی نه‌خۆشه‌كانیش ده‌گۆڕێ، بۆ نموونه‌ کەسێک نه‌خۆشیەكەی تازه‌ گرتبێت جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشێكی چه‌ند ساڵه و درێژخایه‌ن.

ساڵانه‌ له‌عێراق توشبوونی نه‌خۆشی ئایدز رووی له‌زیادبوونه‌، ناوه‌ندی نیشتمانی بۆ ئایدز نایشارێته‌وه‌ چاوەڕوانی ئه‌و زیاده‌یان ده‌كرد، به‌ڵام پێی وایه‌ هێشتا عێراق به ‌بەراورد به‌ وڵاتانی دراوسێ رێژه‌ی هه‌ڵگرانی نه‌خۆشی ئێچ ئای ڤی زۆر كه‌من‌.

هۆكاره‌كانی زیادبوونی ئایدز چاوه‌ڕوانكراوبوو، چونكه‌ له‌دوای ساڵی 2003 عێراق كرانه‌وه‌یێكی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، سه‌فه‌ر كردن زیادیكرد هه‌ندێك هۆكاری نوێ كه‌ پێشتر نه‌بوو سه‌ریان هەڵدا.