پێنج رێنمایی زۆر گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستی ریخۆڵەکان

09/10/2019 - 10:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

ئەگەر تەندروستی ریخۆڵەکانت باش بێت، بە واتای ئەوە دێت، وزەیەکی زۆر باش دەبێت، لە کارەکەت چالاک دەبیت و تەنانەت گەیشتن بە خەونەکانت ئاسانتر دەکات، بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت ریخۆڵەکانی تەندروست بن دەبێت ئەم پێنج رێنماییە رەچاو بکات.

زۆر نەخواردن

مارڤین سین، پزیشکی گەدە و ریخۆڵەکان لە ئەمەریکا دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی سستی سیستمی هەرسکردن بۆ زۆرخۆریی دەگەڕێتەوە چونکە زۆرخۆریی رێ لە پشوودانی ریخۆڵەکان دەگرێت.

خواردن

بە گووتەی ئەو پزیشکە، مرۆڤ بۆ ئەوە دروستنەبووە بتوانێت خواردنی ناسروشتی بخوات بۆیە دەبێت خواردنی راستەقینە، پاک و سرووشتی بخۆین.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی سەنتەری پزیشکی واکسنەر لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریکا، مرۆڤ دەبێت لە خواردنە ژەهراوی و ئالوودەکەرەکان بە دووربێت بەتایبەت شەکر چونکە کاری زۆر دەکەنە سەر زیندەچەکانی ریخۆڵەکان.

خواردنی فایبەر

فایبەر سوودێکی زۆری تەندروستی هەیە. جیا لەوەی جوولەی ریخۆڵەکان ئاسایی دەکاتەوە، کۆلیسترۆل کەم دەکات و رێژەی گلوکۆزیش لە خوێن دادەبەزێنێت.

پزیشکان ئامۆژگاریمان دەکەن، دەبێت زیادکردنی خواردنی فایبەر بەشێوەیەکی هێواش بێت، واتا بە تێپەڕبوونی کات رێژەی خواردنی فایبەر زیاد بکەین، چونکە ئەگەر دەستبەجێ فایبەرێکی زۆر بخورێت، کەسەکە دووچاری غازات دەبێتەوە.

خواردنی رەنگاوڕەنگ

با خواردنەکانت جۆراوجۆر و رەنگاو رەنگ بن، سەوزە و میوەی جۆراوجۆر بخۆ، چونکە بەم جۆرە، فایبەر و دژە ئۆکسانی زۆرت دەستدەکەوێت.

فشاری دەروونی

یەکێک لە دوژمنەکانی کۆ ئەندامی هەرس بە گشتی و ریخۆڵەکان بە تایبەتی، فشاری دەروونییە. فشاری دەروونی و خەمۆکی،هاوسەنگیی جووڵەی ریخۆڵە و زیندەچەکان تێک دەدەن.

دەرمان

خواردنی دەرمانی دژە زیندەچەکان، ئەنتی بایۆتیک، زیانی بۆ ریخۆڵەکان هەیە چونکە هەم بەکتریای باش و هەم بەکتریای خراپیش دەکوژێت، پزیشکە ئەمەریکییەکە ئامۆژگاریمان دەکات، تا بتوانین خۆمان لەوجۆرە دەرمانانە بە دوور بگرین.