پەیوەندی لەنێوان لاسەرئێشە و تووشبوون بە ئەڵزهایمەر دەدۆزرێتەوە

12/10/2019 - 12:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکانی زانکۆی واتەرلوو لە کەنەدا پەیوەندی دۆزیوەتەوە لەنێوان لاسەرئێشە و تووشبوون بە ئەڵزهایمەر لە داهاتوودا.

توێژینەوە نوێیەکە لە جۆرناڵی (Geriatric Psychiatry) بڵاوکراوەتەوە و دەریخستووە شەقیقە کە یەکێکە لە گرفتە بەربڵاوەکانی کۆئەندامی مێشک و دەمار لە هەموو تەمەنەکاندا، فاکتەرێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە.

سوزانی تیاس، پسپۆڕی مێشک و دەمار و یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە دەڵێت: ئەنجامەکانمان دەریخەن دەبێت بایەخێکی زیاتر بە لاسەرئێشە بدەین، چونکە ئەو کەسانەی بەدەست گرفتەکەوە دەناڵێنن ئەگەری هەیە لە داهاتوودا تووشی ئەڵزهایمەر ببن.

توێژینەوەکە لەسەر 679 کەسی تەندروست ئەنجامدراوە، کە بەشێکیان تووشبووی شەقیقەبوون، دوای پێنج ساڵ بەدواداچوون بۆ بەشداربووان، پزیشکە توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە 51 بەشداربوو کە شەقیقەیان هەبووە، تووشی ئەڵزهایمەر بووبوون.

د. سوزانی روونیدەکاتەوە، ئەوانەی لاسەرئێشەیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە ئەلزهایمەر سێ هێندە زیاترە، هەرچەندە میکانزیمەکە بە تەواوی ئاشکرا نییە، بەڵام لە توێژینەوەیەکی داهاتوویاندا ئەو پەیوەندییە دەدۆزنەوە.