ڕێگاكانی خۆپاراستن له‌ هه‌ڵامه‌ت

28/10/2019 - 10:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

بۆچی تووشی هەڵامەت دەبین؟

(60%) ی خەڵكی ئەمریكا وا دەزانن هۆی هەڵامەت بەكتریایە، (45%) یان وا دەزانن لەبەركردنی جلی كەم لە زستاندا توشی هەڵامەتیان دەكات، (55%) یان وا دەزانن سەرما تووشی هەڵامەتیان دەكات و (35%) یان وا دەزانن ئەگەر بە قژی تەڕەوە بچینە دەرەوە تووشی هەڵامەت دەبی.

لە ڕاستیدا ئەو بۆچوونانە هەموویان هەڵەن، هەڵامەت تەنها بەهۆی ڤایرۆسەوە ڕوودەدات و ڤایرۆسەكە دوورو نزیك كاری بە سەرماوە نییە، بەڵكو لەئەنجامی كۆنتاكت لەگەڵ كەس یان شتێكی پیسبوو بەم ڤایرۆسە توشمان دەبێت.

تەنها بەركەوتنی كۆكین و پژمینی كەسی توشبووش توشمان ناكا، بەڵكو لە دەم و چاو و لوت و دەستی ئەوەوە توشمان دەبێت.

باشترین چارەسەریش بۆ هەڵامەت چارەسەری سادەو ساكارو سروشتییە، ئەنتی بایۆتیكەكانی وەك ئەمۆكسیلین بە هیچ جۆرێ پێویست ناكات، چونكە ئەمە دژی بەكتریایەو كاری بەسەر ڤایرۆسەوە نییە، پاراسیتۆڵیش بەكار مەهێنە هەتا پلەی گەرمیت لە (39) پلە تێدەپەڕێ و زۆر لاواز دەبێت و تووشی ئازاری ماسولكە دەبیت، چونكە بەرزبونەوەیەكی كەمی پلەی گەرمی لەش پێویستە، هەم بۆ ڕێگاگرتن لە زۆربوونی ڤایرۆسەكەو هەم بۆ دروستكردنی دژەتەنی لەش كە بەرگری لەشت لەدژی ڤایرۆسەكە بەهێز دەكات، دەستەكانت زوو زوو بشۆ، كلینیكس بەكاربێنە نەك دەستەسڕ، ڕۆژانە (10) پەرداخ ئاو بخۆرەوەو لیمۆ و سەرچاوەكانی تری ڤیتامین سی بخۆ.