به‌م ڕێگایانه‌ ده‌توانی خۆت له‌ كه‌رشی زیاد ڕزگار بكه‌یت

02/11/2019 - 08:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

بەپێی‌ توێژینەوە‌ پزیشكیەكان‌ گەورەبوونی‌ قەبارەی‌ ورگ ‌و كۆبوونەوەی‌ چەوری‌ زۆر لەكەلەكەی‌ مرۆڤدا هۆكارێكی‌ سەرەكییە بۆ تووشبونی بەچەندین نەخۆشی‌ جۆراوجۆر‌و تەنانەت كورتكردنەوەی‌ تەمەن ‌و خێراكردنی تەمەنیش.

بۆ بەرگه‌گرتن لەگەورەبوونی‌ قەبارەی‌ ورگ ‌و كۆبوونەوەی‌ چەوری‌ لەسەر سك، بەم دواییانە پزیشكە بەناوبانگ ‌و خاوەن ئەزموونەكانی‌ بواری‌ زانستی‌ خۆراك ‌و كێش، لەسەر چەند رێنمایی ‌‌و ئامۆژگارییەك رێككەوتوون بۆ بەرگرتن لەورگ شۆڕی‌ كە ئەمە پوختەكەیەتی‌:

1. زۆرخواردنی‌ ئەو خۆراكانەی‌ دەوڵەمەندن بەریشاڵ، بەتایبەت سەوزە‌و میوەجات، چونكە ئەم خۆراكانە كاتی‌ زیاتریان دەوێت بۆ هەرسكردن‌ و وەهادەكەن مرۆڤ بۆ كاتێكی‌ زیاتر هەست بەتێربوون بكات ‌و بڕی‌ خواردن كەمبكاتەوە.

2. خواردنی‌ كەوچكێكی‌ چێشت لەسركەی‌ سێو بەر لەنانخواردن، چونكە سركەخواردن وادەكات مرۆڤ كەم هەست بەبرسێتی‌ بكات.

3. نان نەخواردن بەراوەستان ‌و بەپێوە، نانخواردن بەدانیشتویی‌ تەندروستترە‌و دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ زووتر هەست بەتێربوون بكات ‌و بەپێچەوانەوە بەراوەستان مرۆڤ زیاتر لەبڕی‌ پێویست نانی‌ پێدەخورێت.

4. زۆرخواردنی‌ زەڵاتە‌و میوەجات‌ و سەوزە بەر لەخواردن بەتایبەت ئەگەر زەڵاتەكە سركەی‌ پێوەكرابێت، چونكە زەڵاتە وزە گەرمی‌ كەمی‌ تێدایە‌و بەر لەوەی‌ مرۆڤ سكی‌ پڕبكات لەچەوری‌ ‌و خۆراك بەزەڵاتەكە كەمێك تێردەخوات.

5ـ هەروەها خواردنی‌ شۆربا‌و شلەمەنی‌ زوتر مرۆڤ تێردەكات ‌و زیاتر بەرگری‌ برسێتی‌ پێدەدات تا خواردنی‌ وشك.

6. بەكارهێنانی‌ قاپ‌ و كەوچكی‌ بچوك‌ و دوركەوتنەوە لەدانیشتن لەسەر بەلەمی ‌‌و سینی‌ گەورەی‌ پڕ لەگۆشت‌ و برنج.

7. لەسەرخۆ نانخواردن ‌و باش جوینی‌ پارو‌و قوتنەدانی‌ بەپەلەی‌ لەگەڵ پشودان لەكاتی‌ نانخواردن‌ و ئەگەریش بكرێت دەمەتەقێ ‌و نۆرەكردن لەپاروقوتدان.

8. رێكردنی‌ بەپێی‌ رۆژانەو بەردەوام، بەجۆرێك كە لەرۆژێكدا 15 خولەك كەمتر نەبێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی‌ ورگ دەرنەكەوێت، هەروەها ئەگەر بەپێ رێكردنەكە بەخێرایی ‌‌و لەشێوەی‌ هەروەلەدابێت زۆر باشە.

9. كەمكردنەوەی‌ دانیشتن لەبەردەم تەلەفزیۆن ‌و خواردنی‌ شیرینی ‌‌و چەرەزاتی‌ زۆر بەدیار پرۆگرامەكانی‌ TVیەوە.

10. دوركەوتنەوە لەشلەمەنی‌ ‌و خواردنەوە گازییەكانی‌ وەك بیبسی‌‌ و شەربەتە شیرینە جۆربەجۆرەكان ‌و شوكولاتە‌و شیرینیتر، هەروەها خواردنی‌ بڕە ئاوی‌ پێویست لەرۆژێكدا بۆ پاراستنی‌ هاوسەنگی‌ لەش ‌و یارمەتیدانی‌ هەرس.

11. زۆرخواردنی‌ خەیار‌و روەك‌و سەوزە گەڵاییەكان، لەچەورییەكانیشدا رۆنی‌ زەیتون‌ و گەنمەشامی‌ ‌و خواردنی‌ گۆشتی‌ برژاوو دوركەوتنەوە لەخۆراكی‌ سورەوەكراوی‌ پڕ لەرۆن.

12. راستەوخۆ لەدوای‌ نانخواردن مەخەوە، چونكە نووستن دەبێتە هۆی‌ سستكردنی‌ پرۆسەی‌ هەرسكردن ‌و دواتریش قەڵەوی ‌‌و زیادكردنی‌ كێش.