ئه‌م هۆكارانه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵوه‌رینی قژی پیاوان

04/11/2019 - 09:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ ، كاركردن بۆ چه‌ند كاتژمێرێكی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك و دوور و درێژ ، ده‌رفه‌تی دووچاربوونی پیاوان به‌ سه‌ر رووتانه‌وه‌ دوو هێنده‌ ده‌كات .

توێژنه‌ران ئاشكرایانكردووه‌ ،ئه‌و پیاوانه‌ی له‌ هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر له‌ (52) كاتژمێر كاریان كردووه‌ ، قژیان به‌ خێرایی له‌ده‌ستداوه‌ ، ئه‌و له‌ده‌ستدانه‌ش دوو هێنده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ بۆ ماوه‌ی كه‌متر له‌ (40) كاتژمێر له‌ هه‌فته‌یه‌كدا له‌ نوسینگه‌ی خۆیان كاریان كردووه‌ .

"شه‌كه‌تی و ماندووبوون له‌ ئه‌نجامی زۆر كاركردن و پشوونه‌دانی پێویست ، به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی داده‌ندرێت تاكو رووتانه‌وه‌ی سه‌ر له‌ لای پیاوان دوو هێنده‌ بكات ، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن هه‌مان توێژینه‌وه‌ دووپاتكراوه‌ته‌وه‌ .

ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ ، توێژینه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر زیاتر له‌ (13) هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌ ، یه‌كه‌م توێژینه‌وه‌ی تایبه‌تیشه‌ ، كه‌ له‌ كاریگه‌ری ماوه‌ی درێژی كاركردن و قژهه‌ڵوه‌رینی پیاوان ووردبووه‌ته‌وه‌ .

ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ش كه‌ له‌ ئاستی هۆڕمۆنه‌كانی جه‌سته‌ له‌ كاتی ماندووبوون و شه‌كه‌تی له‌ كاركردن رووده‌ده‌ن ، ده‌بنه‌ هۆی زیان گه‌یاندن به‌ چه‌ندین ئه‌ندامی جه‌سته‌ ،كاتێكیش هۆڕمۆنی زیاده‌ ده‌رده‌رێت ، ئه‌وكات رێگری له‌ گه‌شه‌كردنی ره‌گی مووه‌كان له‌ توێكڵی سه‌ر ده‌كات .

ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌شی ده‌رخستووه‌ ، ماندووبوون و شه‌كه‌تی ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆئه‌ندامی به‌رگری له‌ش هێرش بكاته‌ سه‌ر ره‌گی تاڵه‌ مووه‌كان ، تاكو ئێستاش هۆكاره‌ی ئه‌م هێرشه‌ی كۆئه‌ندامی به‌رگری له‌ش نازاندرێت .

بڕواش وایه‌ كه‌ شه‌كه‌تی و ماندووبوون له‌ كاره‌كان ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی تاڵه‌ مووه‌كان به‌ر له‌ كاتی خۆیان هه‌ڵبوه‌رێن و كۆتایی به‌ گه‌شه‌كردنیان بێت ، چونكه‌ له‌و قۆناغه‌دا مووی نوێ گه‌شه‌ناكات ، بۆیه‌ كاتێك هه‌ڵده‌وه‌رێت بۆشاییه‌ك له‌ شوێنی خۆی جێدێڵێت و پیاوان دووچاری رووتانه‌وه‌ی سه‌ر ده‌كات .