هەستی بە سڕبوونی لای چەپی جەستەی دەكرد

07/11/2019 - 11:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

لە ساڵی 2007 ەوە گەنجێك بەردەوام ناڵاندوویەتی بەدەست كۆمەڵە نیشانەیەكەوە كە پزیشكەكان نەیاندەزانی هۆكارە راستەقینەكەی چیە.

ئەو گەنجە لە ساڵی 2007 ەوە سەرەتا هەستی بە سڕبوونی لای چەپی جەستەی دەكرد و پاشان توانا و چالاكیەكانی بەرە بەرە كەم دەبوونەوە و هەمیشە ماندوو دیاربوو.

پزیشكە پسپۆڕەكان هەوڵی زۆریاندا و تەنانەت جارێكیش بەوە دەسنیشانیان كرد كە گرێیەكی شێرپەنجەیی لە مێشكیدایە، بەڵام تا دەهات باری تەندروستی نەخۆشەكە خراپتر دەبوو و زوو بینایی لەدەستدا.

ساڵی رابردوو دەركەوت كە هۆكاری ئەو نەخۆشیە كرمێكی شریتییە و لە مێشكیدا دەژی ووردە ووردە خانەكانی مێشكی دەخوات، بەڵام سەرەتا ئامۆژگاری نەخۆشەكەیان كرد چارەسەری دیكە بەكاربهێنێت، بێجگە لە نەشتەرگەری، چونكە كرمەكە مشەخۆرە لە بەشێكی هەستیاری مێشكیدا بووە .

رێكکارە نا نەشتەرگەرییەكان سەركەوتوو نەبوون و پزیشكەكان ناچاربوون بە نەشتەرگەری دەریبهێنن، كە نەشتەرگەریەكی هەرە ترسناك و هەستیار بووە، چونكە هەم شوێنی مشەخۆرەكە لە ناوچەیەكی قەڕەباڵغی ناوەندی سەنتەرە گرنگەكانی مێشكدا بووە و هەم پێویستیشی كردووە كرمەكە بە تەواوی دەربهێنرێت، چونكە ئەگەر پارچەیەكی بچووكیشی لێ بەجێ بمێنێت دەتوانێت جارێكی تر گەشە بكاتەوە.