هەرگیز پژمینت رامەگرە،مه‌ترسیداره‌

10/12/2019 - 12:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌مان له‌ شوێنه‌ قەرەباڵغەکاندا پژمین رادەگرین، به‌ڵام توێژینەوە پزیشکییەکان دەریان خستووە، راگرتنی پژمین مەترسیدارە.

پژمین ئەو کاتە روودەدات، کە ماددەیەک دەچێتە نێو لووت، دەکرێت ئەو ماددەیە تۆز و خۆڵ بێت یاخود بەکتریا و ڤایرۆس، ئەو میکانزیمەشی، کە لووت ئەو ماددانە دەردەکات و ناهێڵێت تووشی هەوکردن بیت بریتییە لە پژمین.

توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌ریخستووه‌ كه‌ راگرتنی پژمین مەترسیدارە و دەبێت كه‌سه‌كان لەو خووە ناتەندروستە دووربکەونەوە، چونکە ئەو میکانیزمە ئاساییە و شتێک نییە بەهۆیەوە شەرم بکەیت.

توێژینەوەكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پزیشکانی ئێرانیه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، دەریخستووە، کاتێک کەسێک پژمینەکەی رادەگرێت ئەو پەستانەی دروستدەبێت نزیکەی پێنج بۆ 10 هێندە لە پەستانە ئاساییەکە زیاترە، بەمەش زیان بە پێکهاتەکانی ئەو کۆئەندامی هەناسە دەگەیه‌نێت.

لەکاتی راگرتنی پژمیندا و زیادبوونی پەستانی هەوا، بەشێکی ئەو هەوایە دەچێتە گوێیەکان و لەوانەیە دڕانی پەردەی گوێی لێبکەوێتەوە، هەروەها هەوکردنی گوێی نێوەڕاست و زیانگەیشتن بە لولەکانی خوێن یەکێکی دیکەن لە گرفتەکانی راگرتنی پژمین لەسەر گوێیەکان.

 پزیشکانی پسپۆڕی قورگ، لووت و گوێ رایدەگەیه‌نن، راگرتنی پژمین دەبێتە هۆی پچڕانی بەشی دواوەی قورگ، لەکۆتاییدا پزیشکان جه‌ختله‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، "هەرگیز پژمینەکان رامەگرە، تەنانەت ئەگەر لە کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگدا بوویت".