بزانه‌ خواردنی فاسولیا بۆكێ باشه‌

02/01/2020 - 09:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

كۆمەڵێك توێژەری ئەمریكی هەڵساون بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەیەكی پزیشكی لەسەر خواردنی فاسۆلیا، بۆیان دەركەوتووە ئەو ئافرەتانەی لە قۆناغی منداڵیدا بە شێوەیەكی زۆر فاسۆلیا دەخۆن، ئەوا مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك لەسەریان بە رێژەی (%58) كەم دەبێتەوە.

توێژەران دەڵێن، تێكرای تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك بە رێژەی چوار تا حەوت جار زیاترە لەلایەن ئافرەتانی سپی پێستەوە بەتایبەتی لەئەمریكا، بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی لە چین و ژاپۆن دەژین.

بەپێی لێكۆڵینەوەكە، ئەو ئافرەتانەی لە ئاسیاوە بەرەو ئەمریكا كۆچ دەكەن، بە رێژەیەكی زۆر تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبنەوە.

لێكۆڵینەوەكە لەسەر نزیكەی (600) ئافرەتی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمك و (965) ئافرەتی تەندروست چاڵاك ئەنجامدراوەو ژمارەیەك ئەو ئافرەتانەی بەشداریان لە لێكۆڵینەوەكەدا كردووە زیاتر ژیانی منداڵیان لە ئەمریكا بەسەربردووە.

هەروەها لێكۆڵینەوەكە راشیگەیاندوو: ئەو ئافرەتانەی بە رێژەیەكی باش سیستەمی خۆراكی دەوڵەمەند بە فاسۆلیایان خواردووە لە قۆناغی منداڵیدا، ئەوا مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمك لەسەریان بە رێژەی (%58) كەم بۆتەوە، بەڵام ئەوانەی لە قۆناغی هەرزەكاریدا فاسۆلیایان خواردووە، مەترسیەكە بە رێژەی (20 تا 25%) لەسەریان كەمتربۆتەوە.