ئه‌م كه‌سانه‌ خراپه‌ به‌ دیار سپلیته‌وه‌ دانیشن

16/01/2020 - 10:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

شارەزایانی‌ زانستی‌ دڵ ڕایانگەیاندووە، زۆر مانەوە لەبەر تیشكی‌ خۆرو لەناكاو چوونە بەر هەوای‌ ساردی‌ سپلیت، كاریگەرییەكی‌ خراپ لەسەر دڵ دروست دەكات.

شارەزایانی‌ زانستی‌ دڵ باسیان لەوەكردووە، زۆر مانەوە لەبەر تیشكی‌ خۆر‌و ڕاستەوخۆ چوونە بەر هەوای‌ ساردی‌ سپلیت یان ئاوی‌ سارد، كاریگەری‌ نەرێنی‌ لەسەر دڵ هەیەو مرۆڤ تووشی‌ خورپەی‌ دڵ دەكەن، چونكە زۆر مانەوە لەبەر تیشكی‌ خۆردا، دەمارەكان بەرفراوانتر دەكات.

لەوبارەیەوە (د. خەلیل تانریڤاردی‌) لەزانكۆی ئەنقەرەو شارەزا لەزانستەكانی‌ دڵ ئەوەی ئاشكراكردووە، پێویستە مرۆڤەكان خۆیان لەخورپەی‌ دڵ بپارێزن، بەتایبەتی‌ لەوەرزی‌ هاویندا، كە هەندێك جار پلەی‌ گەرما دەچێتە سەرووی‌ (40) پلەی‌ سەدی‌، چونكە كەشوهەوای‌ گەرم ڕۆشتنی‌ خوێن بۆ ژێر پێست زیاددەكات، ئەوەش لەئەنجامدا ڕۆشتنی‌ خوێن بۆ مێشك ‌و جەستە كەمدەكاتەوەو بڕی‌ پێویستی‌ دڵ بەخوێن كەمدەكاتەوە، بۆیە ئەوانە كاریگەریی‌ نەرێنی‌ لەسەر دڵ دروست دەكەن‌ و مرۆڤ تووشی‌ خورپەی‌ دڵ دەبێت.

دكتۆری ناوبراو ڕێنمایی ئەوەیدا، كە نابێت بەهیچ شێوەیەك لەگەرماوە خۆتان بدەنە بەر هەوای‌ ساردی‌ سپلیت، یاخود بچنە ناو ئاوی‌ سارد، یان بەئاوی‌ سارد خۆتان بشۆن، چونكە هەموویان مەترسین بۆ سەر تەندروستی‌ دڵ ‌و مرۆڤ تووشی‌ خورپەی‌ دڵ دەكەن، كە پێدەچێت نەخۆشی‌ مەترسیدارتری‌ لێبكەوێتەوە.