نابێت نانخواردنى به‌یانیان دوابخه‌ین..هۆكاره‌كانی ئاشكرا ده‌كرێت

18/01/2020 - 15:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

له‌ كۆتایى هه‌فته‌ یان له‌ رۆژانى پشوو ، خه‌ڵكێكى زۆر خواردنى نانى به‌یانیان دواده‌خه‌ن و به‌دره‌نگه‌وه‌ له‌خه‌وهه‌ڵده‌ستن ، به‌ بێ ئه‌وه‌ى هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن ، ئه‌م كاره‌یان بێ مه‌ترسى نیه‌ و كاریگه‌رییه‌كى نه‌رێنى و خراپ له‌سه‌ر ته‌ندروستیان جێدێڵێت .


نانخواردنى به‌یانیان به‌ دره‌نگه‌وه‌ ، زۆر جار ده‌بێته‌ هۆى به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ى نانى به‌یانى و نێوه‌ڕۆ ، ئه‌مه‌ش به‌ (بڕه‌نچ brunch) ده‌ناسرێت ، به‌م جۆره‌ش نانخواردنه‌كه‌ یان دره‌نگتره‌ له‌ كاتى نانخواردنى به‌یانیان ، یان زووتره‌ له‌ نانخواردنى نیوه‌ڕۆیان .


توێژینه‌وه‌یه‌كى نوێ ئاشكرایكردووه‌ ، نانخواردنى به‌یانیان به‌ دره‌نگه‌وه‌ ، له‌ رۆژانى كۆتایى هه‌فته‌ یان له‌ رۆژانى پشوو له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆى قه‌ڵه‌وبوون ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌و ژه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و رێژه‌ گه‌رمۆكه‌یه‌كه‌ وه‌ربگرێت ، كه‌ به‌ درێژایى رۆژانى ترى هه‌فته‌ وه‌ریده‌گرێت .


توێژه‌ران به‌و ئه‌نحامه‌ گه‌یشتوون ، ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ كۆتایى هه‌فته‌ خواردنى ژه‌مى به‌یانیان به‌ دره‌نگه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى سێ كاتژمێر و نیو دواده‌خه‌ن ، به‌ به‌راورد به‌ رۆژانى ترى هه‌فته‌ ، ئاماژه‌ى بارسته‌ى جه‌سته‌یان به‌ (1.3) یه‌كه‌ به‌رزتره‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى پابه‌ندى كاتى رۆژانه‌ى خۆیان ده‌بن له‌ نانخواردنى به‌یانیان .
ئه‌و كه‌سانه‌ى نانى به‌یانیان به‌ دره‌نگه‌وه‌ خواردووه‌ ، ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ریان هه‌روه‌ك خۆیان مانه‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ پابه‌ندى رجێمێكى خۆراكى ته‌ندروست و نوستنێكى باش و به‌ پێێ پێویستیش مه‌شقى وه‌رزشیان ئه‌نجامده‌دا ، به‌ڵام كاریگه‌رى لێكدانى دوو ژه‌مى به‌یانیان و نێوه‌ڕۆیان به‌یه‌كه‌وه‌ ، كاریگه‌رى به‌سه‌ر قه‌ڵه‌وبوونیان هه‌ر مایه‌وه‌ .


توێژه‌ران ده‌ڵێن :" دروستكردنى ناهاوسه‌نگى له‌ خشته‌ى سروشتى خواردن له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆى زیادبوونى كێشى له‌ش و قه‌ڵه‌وى ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى جه‌سته‌ى ئێمه‌ له‌وكاته‌دا خۆراك هه‌رس ناكات " .


تیمى توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ زانكۆى به‌رشلۆنه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ ، كاتژمێرى بایۆلۆجى له‌ جه‌سته‌ له‌ كاتى دیاریكراو ئاماده‌ده‌بێت بۆ هه‌رسكردنى خۆراك .


جێگه‌ى باسه‌ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌ (1100) قوتابى له‌ ئیسپانیا و مه‌كسیك به‌شداربوون ، پرسیاریش له‌ به‌شداربووان كرابوو ، له‌ باره‌ى ئه‌و كاتانه‌ى نانى به‌یانى و نیوه‌ڕۆیان له‌ رۆژانى ئاسایى هه‌فته‌ ده‌خۆن ، له‌گه‌ڵ كاتى نانخواردنه‌كه‌ له‌ كۆتایى هه‌فته‌یه‌ .