بزانه‌ خواردنه‌وه‌ی یه‌ك كوپ شیر چ كاریگه‌ریه‌كی هه‌یه‌

29/01/2020 - 11:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

نوێترین لێكۆڵینەوەی پزیشكی ئامۆژگاریمان دەكات بە خواردنەوەی یەك كۆپ شیر لە ڕۆژانەدا، چونكە بەشێوەیەكی فراوان پێویستیەكانی مرۆڤ لە سەرچاوەكانی خۆراك و كالسیۆم دابین دەكات و هەروەها یارمەتی مرۆڤیش دەدات لە هەبوونی بیرێكی تیژو پاك.

توێژەران لە زانكۆی (مین) ی ئەمریكی دەڵێن، ڕۆژانە خواردنەوەی كوپێك شیر تەنها پێویستیەكانی لەش لەسەرچاوەی خۆراك و كالسیۆم دابین ناكات، بەڵكو كاردەكات بۆ پاراستنی توانای بیركردنەوە بە شێوەیەكی ئاشكرا، بەڕێژەی پێنج جار زیاتر لەچاو ئەو كەسانەی ڕۆژانە شیر ناخۆنەوە.

توێژەران ئەم لێكۆڵینەوەیەیان لەسەر نزیكەی (900) پیاو و ئافرەتی تەمەن نێوان (23 – 98) ساڵی ئەنجامداوە، كەتێیدا هەڵساون بەچاودرێری كردن و پێوانی ئاستی توانای بیركردنەوە.

هەروەها پاش چاودێری كردنی بەشداربووان لەلایەن توێژەرانەوە بۆیان دەركەوتووە كە ڕۆژانە خواردنەوەی كوپێك شیر بەشێوەیەكی رێكوپێك، باشترین سەركەوتنە بۆ پاراستنی توانای تێگەیشتن و بیركردنەوە بەڕێژەیەكی گەورە، لەچاو ئەوانەی بە شێوەیەكی بەردەوام ڕۆژانە گرنگی بە خواردنەوەی شیر نادەن.