عێراق له‌باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

01/02/2020 - 09:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی
حكومەتی عێراق هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناوخۆی وڵاتەكەی ڕەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: ”لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە پەیوەندیداین و رێوشوێنی پێویستیش دەگرینەبەر".

شانەی ڕاگەیاندنی سەر بە حكومەتی عێراق، لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكردووە: ”تا ئەم ساتە هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمارنەكراوە و لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستەكان بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە”.
شانەی راگەیاندنی سەر بە حكومەتی عێراق ڕوونیشیكردووەتەوە: ”بڕیاردراوە بە ئەنجامدانی پشكنینی پێویست لە فرۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانەوە بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە چینەوە دێنە ناو عیراق”.
هه‌روه‌ها داواش لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەكات كه‌ خۆیان لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناراست بپارێزن و زانیارییەكان لە سەرچاوە تەندروستییەكانی حكومەته‌وه‌ وەربگرن.