یه‌كه‌م ڕزگاربووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چۆنییه‌تی ڕزگاربوونی ده‌گێڕێته‌وه‌

01/02/2020 - 11:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

یەکەم رزگاربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ژنێکی چینییە، ئامۆژگاری خەڵکی دەکات نەترسن لە نەخۆشییەکە و لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشدا و هەستکردن بە نیشانەکانی تر بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

لە هەواڵێکی روسیا تودەیدا هاتووە، ورۆت هو جیانگی تەمەن ٤٤ ساڵ، دوای چاکبوونەوەی لە نەخۆشی کۆرۆنا، گرفت و ئازار و چارەسەرەکانی و چۆنییەتی باشبوونی لەو نەخۆشییە کوشندەیە بۆ ئاژانسی شینخوای چینی گێڕاوەتەوە.

لە ١٥ی کانوونی دووەم کاتێک هاوسەرەکەی لە بەشی پێشوازی هێڵی شەمەندەفەر چاوەڕێی کردووە، کە بەهۆی سەری ساڵی چینییەوە گەڕاوەتەوە ماڵەکەی خۆی، هەستیپێکردووە کە پلەی گەرمی لەشی بەرزبووەتەوە و حاڵی زۆر باش نییە، هەربۆیە بە پەلە گەیاندوویەتییە نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی، بەڵام چارەسەرکردنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بێ سوود بووە.

لە ٢١ی کانوونی دووەمدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی سانسیا سەنتەری وانزهۆ کراوە، لە نەخۆشەکانی تر جیاکراوەتەوە و پشکنینی هەوکردنی سییەکان و جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ کراوە، دەرکەوتووە کە ئەو جۆرە نەخۆشییەی هەیە، بە یەکەم توشبووی ڤایرۆسەکە دانرابوو لە چۆنگچینگ، پزیشک و پەرستارەکان لە شوێنی تایبەتدا چاودێریی و چارەسەریان کردووە.

جیانگ ئاشکرایکردووە، پزیشکەکان دەرمانی دژە ڤایرۆس و دژە بەکتریایان لە هەمان کاتدا پێداوە، لەگەڵیدا ڕێگەی پزیشکی چینی کۆنیان جێبەجێ کردووە، لە ڕۆژەکانی کۆتاییدا نیشانەکانی کەمبووەتەوە و دۆخی تەندروستیی باشتر بووە، دواتر پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاندووە دەتوانێت لە نەخۆشخانە بچێتە دەرەوە، هیچ پارەیەکیان بۆ چارەسەرەکە لێ وەرنەگرتووە.

جیانگ لە کۆتاییدا وتوویەتی "لێم دەپرسن چۆن توانیوتە بەسەر ئەو نەخۆشییە ترسناکەدا زاڵبیت؟ من پێم وایە باشترین شت نەبوونی ترسە، لەوەش گرنگتر پارێزگاریکردنی خۆتە بە ڕێگەی تەندروست، لەوانەش بەکارهێنانی ماسک بۆ دەم و لوت و زۆر شۆردنی دەستەکان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشدا و بوونی دەردراو و نیشانەکانی تر لە جەستەدا باشترە بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکەن".