هۆكاری سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا ده‌كرێت

02/02/2020 - 11:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمریكا ئاشكرای دەكات، هۆكاری سەرەكیی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە جیهاندا بەو شێوە بەربڵاوە حكوومەتی چینە، چونكە هەر لە سەرەتاوە گوشاری خستووەتە سەر پزیشكەكان كە بابەتەكە ئاشكرا نەكەن.

نیویۆڕك تایمز رۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریكی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ٢ی ٢ی ٢٠٢٠، قسەی لەگەڵ ئەو پزیشكە كردووە كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەی بۆ یەكەمجار ئاشكرا كرد.

رۆژنامەكه‌ له‌ زاری چەند بەرپرسێك و پزیشكێكی چینییەوە بڵاوی كردووەتەوە، حكوومەتی چین گوشاری خستووەتە سەر پزیشكەكان كە بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە باس لە بڵابوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بكەن، چونكە بۆ ئاساییشی ناوەخۆی چین مەترسیدارە، ئه‌و پزیشكه‌شی كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار باسی له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ شاری وهان كردووه‌ به‌ توندی سزا دراوه‌ .

لی وینلاینگ پزیشكی چینی كە بۆ یەكەمجار بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەی ئاشكرا كرد لە وهان، قسەی بۆ رۆژنامەی ناوبراو كردووە و، دەڵێت: ”لە ٣٠ی ١٢ی ٢٠١٩ لە سۆسیال میدیا گرتە ڤیدیۆیەكم بڵاو كردەوە، كە باسم لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە كردووە و گوتوومە ٧ كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە، هەروەها باسم لەوە كردووە كە لە ٢٠٠٢ لە چین ڤایرۆسی SARS ٨٠٠ كەسی كوشت، ئایا هەمان ڤایرۆس تووشی چین بووەتەوە؟ بەڵام لە نیوەشەودا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەم هاتە ماڵەكەم و بە توندی قسەی لەگەڵ كردم و گوتی چۆن شتێكی لەو شێوەیە بڵاو دەكەیتەوە و دەبێت بەپەلە بە درۆی بخەیتەوە".

چەند بەرپرسێكی تری چینی بەبێ ئەوەی ناوی خۆیان ئاشكرا بكەن، قسەیان بۆ (نیوۆڕك تایمز) كردووە و ئاماژەیان داوە كە حكوومەتی چین هەموو هەوڵێكی دا تا بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە هاووڵاتیان و رای گشتی چین بشارنەوە، بۆیە تا ماوەیەكی زۆر كەس نەیزانیوە ڤایرۆسەكە بڵاو بووەتەوە و سەدان كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.

وەك ئەوەی باس دەكرێت، ئەگەر لە سەرەتاوە چین ئاشكرای بكردایە ڤایرۆسەكە بڵاو بووەتەوە، ئەو هەموو هاووڵاتییە نەدەمردن و بەپەلە ئامادەكارییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەكرد.