له‌م شاره‌ی هه‌رێم ژوورێكی عه‌مه‌لیات تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا پێكهێنرا

03/02/2020 - 14:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە رایگەیاند، ژوورێكی عەمەلیاتی بەردەوامیان بۆ خۆپارێزی و ڕێگرتن له‌  ڤایرۆسی كۆرۆنا و توشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌، درووستکردووە.

ئارام کەریم، لێپرسراوی هۆبەی نەخۆشیە گوازراوەکان لە کۆیە رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیە و قایمقام و بەرێوەبەری پەروردە و نوێنەری ئاسایشی رۆژهەڵات و بەرێوەبەرایەتی ئەوقاف و ڤێرتێنەری و جێگری بەرێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی تەندروستی تەق تەق كۆبونەوەیەك بەرێوەچوو.

راشیگەیاند، "لەكۆبونەوەكەدا تاوتوێی ڕەوشی تەندروستی بەگشتی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین و وڵاتانی جیهان كراو پلان و بەرنامە و كاری نوێ بۆ چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەشاری کۆیە دانرا".

وتیشی، "كۆبونەوەكە گرنگ بوو، تێیدا بڕیاردرا بەدروستكردنی ژوورێكی عەمەلیاتی بەردەوام بۆ پرسی خۆپارێزی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەگەری حاڵەتی تووشبوونی هەركەسێك بەڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێگرتن لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە".