به‌شێك له‌ ته‌رمۆزه‌كانی ناوبازاڕ (حه‌ب)یان تێدایه‌

04/02/2020 - 15:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقایەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پشكنینی تەواویان بۆ حەبی نێو تەرمۆزەكە كردووە و هیچ زیانێكی بۆ تەندروستی مرۆڤ نییە.

چەند ڕۆژێكە لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تۆمارێكی ڤیدیۆیی بلاودەكرێتـەوە كە چەند دەنكە حەبێك لەنێو تەرمۆزێكی ئاوی گەرم دانراوە ئەمەش دەبێتە هۆی ئه‌وه‌ی  مرۆڤ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببێت.

لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقایەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ماوەیەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە گوایا هەندێك لە جۆری تەرمۆزەی ئاوی گەرم هەندێك حەبێ تێدایە، وەكو لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە هاوكاری ئاسایشی ئابووری بەدواداچوونمان كرد بۆ ئەوبابەتە و لە ڕێگەی وەرگرتنی ئەو حەبەی كە لەنێو تەرمۆزەكاندایە و ناردمان بۆ پشكنین بۆ كۆمپانیای ڕەزگە كە تاقیگەیەكی ناوەندی هەیە و پشكنینی بۆكرا.

وتیشی”دوای پشكنین، دەركەوت هیچ كاریگەری و زیانێكی بۆ تەندروستی مرۆڤ نییە”.

ئاشكراشیكرد، جگە لەوەی لە پشكنینەكە دەرچووە، ئەوحەبە لەنێوان دوو ڕووپۆشی تەرمۆزەكەدایەو ئەوەش بەهیچ شێوەیەك تێكەڵی پێكهاتەی نێوتەرمۆزەكە نابێت و كاریگەری نابێت.