بەم ڕێگەیانە پارێزگاری لە پێستی منداڵەكەت بكە

چوار شەممە, 09 ئاب 2017 12:05

 

 

هەستیاری پێستی منداڵ، بریتییە لە سووربوونەوەو قڵیشان و توێكڵ فڕێدانی پێست، بەتایبەت لەبەشی خوارەوەی منداڵ دروست دەبێت و تەواو بێزارو وەرسی دەكات.

(د. موشیر ئیبراهیم عەبدولڵا) پزیشكی چارەسەری نەخۆشییەكانی پێست باس لە حاڵەتەكانی سووربوونەوەی پێست لە منداڵی ساوادا دەكات بەتایبەت لەكاتی هەڵگرتنی دایبداو هۆكارەكانی ئەو حاڵەتەش دەخاتەڕوو ڕایدەگەیەنێت، چەند هۆكارێك هەیە وا دەكات پێستی منداڵ سوور بێتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی شوێنی دایبی هەڵگرتنن لەوانەش وەك:

1. بوونی ئەو پێكهاتانەی لە دروستكردنی دایبیدا هەیە كاریگەری لەسەر بەشی خوارەوەی منداڵەكە دەبێت و تووشی سوورهەڵگەڕانی دەكات.

2. تووشبوونی منداڵ بە نەخۆشی ئێكزیمای دەینی كە هەندێكجار منداڵ تووشی دەبێت بەتایبەت لەتەمەنی یەك ساڵیدا.

3. درەنگ گۆڕینی دایبی كە بۆ ماوەیەكی زۆر بە سمتی ئەو منداڵەوە دەمێنێتەوەو دایكەكە نایگۆڕێت، ئەمەش وادەكات كاریگەری ڕاستەوخۆ بكاتە سەر پێستی منداڵ بەتایبەت لەكاتی خۆ پیسكردنی منداڵەكەدا.

4. بەكارنەهێنانی هەندێك كرێم لەلایەن دایكانەوە كەپێویستە ئەو كرێمانە بەكار بهێنرێن تا وەك توێژاڵێك لەسەرووی پێستەوە ڕێگری بكات لە زیانەكانی میزو پیسایی كە ماددەی ئامۆنیاو وریایان تێدایە هۆكارن بۆ ئەم حاڵەتە.

ئەو پزیشكە پسپۆڕە وتیشی: حاڵەتی سووربوونەوەی پێست سەرەتا وەك هەستیارییەكی ئاساییەو دواتر دەبێتە هەوكردن ئەم هەوكردنەش لەوانەیە بەكتریایی بێت یان یان ڤایرۆسی بێت، بەڵام بەزۆری كەڕووییە ئەو كەڕووییەش لەناوچەی بەشی دایبیەكە دروست دەبێت كەپێی دەڵین (كان دیدە).

بۆیە بۆ چارەسەركردن هەندێك جار پزیشكان بەهەڵە كرێمی چارەسەر دادەنێن لەكاتێكدا ئەو بەشە ناوچەیەكی داخراوەو پێدەچێت پێستەكەی تووشی تەنك بوونەوە بووبێت، چونكە ئەگەر هەستیاری بێت ئەوا چارەسەرەكان جیاوازن وەك لەچارەسەرەكانی بوونی كەڕوو، بۆیە بۆ پاراستنی منداڵەكە پێویستە ئەم ڕێگە چارەسەرییانە بگیرێتە بەر:

1. پێویستە شوێنی دامێنی منداڵ بە وشكی بهێڵدرێتەوە.

2. چارەسەری نەخۆشییەكان بكرێت هەستیاری بێت یان هەوكردن یان كەڕوو لەگەڵ ئەوەش جۆرێك لە كرێم بەكار بهێنرێت.

3. گۆڕینی دایبی منداڵ تا سەلامەت بێت لەو حاڵەتی سووربوونەوانەی دروست دەبن، ئەو دایبیانە بەكار بهێنرێت كە بۆن و مادەی كهولیان زۆرتێدا نییە یان بۆ ماوەیەك بێ‌ دایبی ئاگاداری منداڵەكە بكرێت.

4. سەردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بكرێت، بۆیە هەندێك جار لەناودەمی كەڕوو قەدماغی سپی هەبێت پێویستە منداڵ ببینرێت و بێ‌ بینینی منداڵ چارەسەر زیان بە تەندروستی منداڵ دەگەیەنێت.

5. شۆردنی بەشی خوارەوەی منداڵ بە ئاوسابوون بەتایبەت ئەو سابونانەی تەندروستن و پزیشك ڕێگەی پێدەدات بۆ بەكارهێنان و ماددەی كیمیاییان تێدا نەبێت تاوەكو نەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە پێستی منداڵ.

6. پاش شۆردنی پێویستە ڕاستەوخۆ بەشی خوارەوەی منداڵ وشك بكرێتەوە.

7. بەكارهێنانی سۆدیۆ كرێم و كرێمەكانی دیكە بۆ پارێزگاری لەسووربوونەوەی پێستی منداڵ بە بەكارهێنانیشی چینێكی تەنك لەسەرپێست دروست دەكات لەكاتی میزوپیسایی ئەو چینە كرێمە نایەڵێت پێستی سوورببێتەوە.

 

ئـ . كـ