برنج باشترە، یان ساوار

دوو شەممە, 18 ئەیلول 2017 05:35

 

 

ساوار هیچ ماددەیەكی كیمیایی و زیادی تێناكرێت، بۆیە پێكهاتە گرنگە خۆراكییەكانی پارێزراون و بە دانەوێڵەی تەواو ئەژمار دەكرێت.

ساوار بە ریشاڵی زۆرو كاربۆهیدراتی زۆرو چەوری یەكجار كەمەوە دەبێتە خۆراكێكی سروشتی گونجاو و سەرچاوەیەكی باشی وزە، هەروەها رێژەیەكی باشی لە كۆمەڵەی ڤیتامین (B) و كانزای ئاسن و فۆسفۆرو مەنگەنیزی تێدایە.

زۆرجار گوێمان لێدەبێت كەخواردنی ساوار باشترە لە خواردنی برنج بۆ تووشبووان بە شەكرە، لە راستیدا هەردووكیان كاربۆهیدراتیان بە شێوەی نیشاستە تێدایە، بەڵام برنج كە بە تەواوی سپیكراوە، ڕێژەی ریشاڵ و مادە دژە ئۆكسانەكانی لەدەستداوەو لە لەشدا زووتر دەگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز كە ئەمە بۆ نەخۆشانی شەكرە باش نییە، كەچی ساوار بڕێكی باشتری لە ریشاڵ تێدایە، ئەمەش وادەكات كە بەرە بەرە نیشاستەكەی لە لەشدا بگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز كە ئەمە شتێكی باشە بۆ نەخۆشانی شەكرە، بەڵام هێشتا هەر نابێ بە بڕی زۆر بخورێت بەتایبەتی لەگەڵ گۆشتی چەوردا، لە رووی وزەشەوە یەك قاپ ساوار بەقەدە یەك قاپ برنج (200) كالۆری دەبەخشێت.

ساوار جگە لە ریشاڵ، پۆتاسیۆم، ڤیتامین (B9)، ڕێژەیەكی بەرز لە ماددەی لیوتین لەخۆدەگرێت كە یەكێكە لەكارۆتینۆیدە دژە ئۆكسانەكان و ڕۆڵی هەیە لەپاراستنی چاوەكان لە ئاوی سپی.

 

ئـ . كـ