ئەگەر منداڵ درەنگ قسەی كرد ئەمانەی بۆ بكە

پێنج شەممە, 21 ئەیلول 2017 05:43

 

 

1. لەكاتی یاری كردن لەگەڵ منداڵەكەت قسەی لەگەڵ بكەو بەبێ دەنگی یاری لەگەڵ مەكە.

2. هەستی باوەڕ بەخۆبوون بە منداڵەكەت ببەخشە كاتێك قسەی لەگەڵ دەكەیت بە ئارامی دایبنیشێنەو بە نەرموونیانی قسەی لەگەڵ بكە نەك بەشێوەی فەرمی.

3. دڵنیابە منداڵەكەت هەمیشە گوێ بۆ قسەكانت دەگرێ چ لەكاتی ڕاهێنان بێ یان كاتی تر.

4. كاتێك منداڵەكەت وەڵامت دەداتەوە زیاتر هانی بدە تاكو متمانەی زیاتری بەخۆی هەبێ.

5. وشەی جوان و سادەو ئاسان بەكاربێنە لەگەڵ تەمەنی منداڵەكەت گونجاوبێت و لەئاستی ئەو زیاتر نەبێ.

6. بەزاراوەی دروست لەگەڵ منداڵەكەت بدوێ، دووربكەوە لە بەكارهێنانی وشەی ئاڵوز كە توانای فێربوونی نەبێ.

7. لە ژوورێكی بێدەنگدا لەگەڵ منداڵەكەت دابنیشە كاتێك ڕاهێنانی پێدەكەیت، دوور لە ژاوەژاوو هەر شتێك كە سەرقاڵی بكات.

8. قسە لەگەڵ منداڵەكەتدا بكە لەبارەی ئەو كارو هەڵوێستانەی ڕۆژانە ئەنجامیان دەدات یان دەیابینێت.

9. كاتی تەواو بە منداڵەكەت بدە بۆ وەڵام دانەوە، پەلە پەلی لێمەكە با نەشڵەژێت و نەتوانێ وەڵام بداتەوە.

10. ئەم كارە تەنها لەگەڵ منداڵەكەت بكەو ڕووبەڕووبە لەگەڵیدا، چونكە بەم شێوەیە زیاتر ئارەزووی گوێگرتنی دەبێ.

11. هاوكاری منداڵەكەت بكە بۆ گرێدانەوەی ئەو دەنگانەی دەیانبیستێت لەگەڵ ناوی ڕاستەقینەی وشەكان، واتە ئەو شتانەی دەنگەكانیان بۆ بەكارهاتووە.

12. هەوڵ بدە هەموو هەستەوەرەكانی منداڵ بەكاربهێنیت و سوودیان لێوەربگریت لەكاتی ڕاهێنانی منداڵ بۆ قسەكردن.

13. ئەگەر منداڵەكەت لە دەربڕیندا هەڵەی كرد یەكسەر لۆمەی مەكە، تەنها هەڵەكەی بۆ ڕاستكەوەو هانی بدە.

14. كاتێك منداڵەكەت هەوڵی قسەكردن دەدات خێرا هانی بدە تا هەست بەوە بكات ئەم قسەیەی كارێكی باش و ئەرێنیە.

15. هەوڵی زیادكردنی وشەكانی بدە كاتێك منداڵەكەت دەڵێ ئۆتۆمبێل فێری بكە بڵێ ئۆتۆمبێلی گەورە یان ئۆتۆمبێلی بابە.

16. هانی منداڵەكەت بدە لاسایی ئەو دەنگانە بكاتەوە كە لە ژینگەی دەوروبەریەوە دەیانبیستێت.

 

ئـ . كـ