35 ساڵە هەواڵگری ئەمریكی چارەی نەخۆشی شێرپەنجەی شاردۆتەوە

یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 08:43

 

 

لایەنگرانی تیۆری پیلانگێڕی لەو بڕوایەدان، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (CIA) ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی زانستی لە بارەی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بۆ ماوەی (35) ساڵ شاردۆتەوەو نەیهێشتووە بڵاوبێتەوە.

بەم دواییانە بەڵگەنامەیەكی نهێنی هەواڵگری ئەمریكا ئاشكرا بووە، كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ (1983) و تێیدا سەلـمێنراوە، جەستەی مرۆڤ توانای چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی خۆی هەیەو شێرپەنجەش یەكێكە لەو نەخۆشییانەی مرۆڤی تووشبوو دەتوانێت بەسەریدا زاڵبێت.

بەڵگەنامەكە لەلایەن رۆژنامەی دەیلی مێلی بەریتانییەوە بڵاوكراوەتەوەو تێیدا هاتووە، نەخۆشییەكان لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی شەپۆڵەكانی مێشكەوە دەتوانرێت چارەسەر بكرێن.

ئەوەش لە رێگەی رۆچوون و بیركردنەوەی قوڵ و تێپەڕ كە دەكرێت كەسەكە بگاتە بەرزترین ئاستی درك و هەستی زانین و هەروەها دەكرێت لە رێگەی بەكارهێنانی تەكنیكی گێڕانەوەی بایلۆژی و خەوتنی موگناتیسی مرۆڤی تووشبوو لە نەخۆشییەكەی رزگار بكرێت.

بەڵگەنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو تاقیكردنەوانەی شارەزایانی (CIA) ئەنجامیانداوە، ئەنجامگەلێكی سەرسوڕهێنەری لە بارەی ئاستی كارایی ئەو چارەسەرە خستۆتەڕوو.


تاقیكردنەوەكان ئەوەشیان دەرخستووە، كە ئەو جۆرە رێگەیە كاریگەری جیاجیای فسیۆلۆژی لەسەر تووشبووەكە هەیە، بە جۆرێك توانای نەهێشتنی ئازارو خێراكردنی پرۆسەی بەیەكەوە لكانەوەی برینی هەیە، تەنانەت توانای بنەبڕكردن و نەهێشتنی لووی پیسی شێرپەنجەی هەیە یان دەكرێت رێگر بێت لە گەشەكردنی.

بەڵگەنامەكە هێڵكارییەكی مێشك و چۆنێتی كاركردن و كارتێكردنی لە ناوچە تووشبووەكانی جەستە بە نەخۆشی روونكردۆتەوە.

(ئەنگیل گوتیریس) یەكێكە لەو شارەزایانەی بڕوای بە تیۆری پیلانگێڕی هەیەو لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەو بەڵگەنامەیە دەریدەخات كە مرۆڤ توانای خودی زۆری هەیەو دەتوانێت خۆی وا بكات لە ئازارو نەخۆشییەكان رزگاری بێت.

ناوبراو ئەو ئەنجامە زانستییەشی بە دەستكەوتێكی گەورەزانی و وتی: ئەو شتە پێویستە هەموومان هەر لە منداڵییەوە بیزانین.

لەهەواڵێكی كەی 24 دا هاتووە، شارەزایانی ئەو بوارە روونیانكردۆتەوە، هەر كەسێك لە رێگەی مێشكی خۆیەوە دەتوانێت سوود لە تواناكانی وەربگرێت و لەو رێگەیەوە خۆی لە ئازارو نەخۆشییەكان رزگار بكات.

 

 

ئـ . كـ