بۆ ئەوەی تەندروستی خۆت و مەكینەی ئۆتۆمبێلەكەت پارێزراو بێت، ئۆتۆمبێلەكەت گەرم مەكە !

دوو شەممە, 01 کانونی دووەم 2018 07:35

 

 

بزوێنەری ئۆتۆمبێل سووتەمەنی بەكار دەبات و لە گزۆزەوە چەند گازێك فڕێ دەداتە هەواوە، كە هەوا پیس دەكەن و نەخۆشی دەخەنەوە، ساڵانە لە ئەمریكا (53) هەزار كەس و لە بەریتانیاش (5) هەزار كەس تەنها بەهۆی دووكەڵی ئۆتۆمبێلەوە پێشوەخت گیان لەدەست دەدەن.

جا گشت گازەكانی نێو دووكەڵی گزۆزو بەتایبەتیش یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، ئەو كاتە زیاتر دێتە دەردران، كە ئۆتۆمبێل داگیرساوەو ناڕوات، ئەمەش لەبەرئەوەی بزوێنەرەكە وەك پێویست كار ناكات و بەو هۆیەشەوە بەتەواوی سووتەمەنییەكە ناسووتێنێت.

یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن گازێكی بێ ڕەنگ و بۆنە، ڕێگری دەكات لەوەی بڕی ئۆكسجینی پێویست بگات بە ئەندامەكانی جەستە، هەموو كەسێك لەژێر هەڕەشەی ئەوەدایە پێی ژاراوی ببێت، بەڵام زیاتر كار لەمانە دەكات: ساوایان، بەساڵاچووان، ئەوانەی نەخۆشییەكانی دڵ، خوێن كەمی، كێشەی هەناسەیان هەیە، بۆیە نابێت ئۆتۆمبێل لە گەراجێك كە بە ماڵەوە بێت بەگەڕ بخرێت، تەنانەت ئەگەر دەرگای گەراجیش كرابێتەوە.

سەنتەری كۆنتڕۆڵ و ڕێگری كردنی نەخۆشییەكان (CDC) ی ئەمریكییش هۆشداری دەدات كە نابێت ئۆتۆمبێل لە شوێنێكدا بەگەڕ بخرێت كە شەش مەتر كەمتر دوور بێت لە دەرگاو پەنجەرەی ماڵەوە.

ئەمە لە ڕووی تەندروستییەوە وایە، بەڵام ئەی لە ڕووی میكانیكییەوە ؟! زۆربەمان پێمان وایە كە ئۆتۆمبێل بەر لەوەی بكەوینە لێخوڕینی، خراپە گەرمی نەكەین، بەڵام (ڕۆن ویڵسن) كە كارزانێكە لە (Alberta Motor Association) كە ڕێكخراوێكی تایبەت بە هۆشداری ماشێنسازییە، دەڵێت: ئۆتۆمبێل گەرم كردن لەسەر كات و گیرفانیش دەكەوێت، هەر بەڕاستیش ئۆتۆمبێل پێویستی بەوە نییە كە (30) چركە تا یەك خولەك زیاتر گەرم بكرێت.

گۆڤاری (Popular Mechanics) یش كە گۆڤارێكی ئەمریكی تایبەت بە زانست و تەكنۆلۆژیایە، وتارێكی دەربارەی ئەم باسە بە ناونیشانی (گەرم كردنی ئۆتۆمبێلەكەت لە سەرمادا، تەنها زیان بە مەكینەكەی دەگەیەنێت) دا بڵاوكردۆتەوە، تێیدا هاتووە: ئەوە شتێكی باوە كە لە وەرزی سەرمادا ئۆتۆمێلەكەت دابگیرسێنێت و لێی بگەڕێیت تا گەرم دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بڕوا باوەی هەیە، ئەمە نەك نابێتە هۆی درێژ كردنی تەمەنی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكە، بگرە كورتیشی دەكاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی داماڵینی چەوری لە سلندرو پستنەكان، بەمەش تەمەنی ئەوانە كەم دەبێتەوە.

بۆیە نابێت ئەو گەرم كردنە ماوەیەكی زۆر بخایەنێت، جا چاكترین شت ئەوەیە كە سلف لە ئۆتۆمبێلەكەت بدەیت و نزیكەی خولەكێك چاوەڕێ بكەیت، هەر بایی ئەوەندەی سەهۆڵەكانی سەر جامەكان دەتوێنەوە، ئیتر بكەویتە ڕێ، بێگومان خێرا لێخوڕینیش دەبێتە هۆی ئەوەی زەختێكی زۆر بكەوێتە سەر بزوێنەرەكە، بزوێنەری ئۆتۆمبێل (15 – 5) خولەكی دەوێت تا بە تەواوی گەرم دەبێت، بۆیە دەبێت لەو ماوەیە لەسەر خۆ لێی بخوڕیت.

نزیكەی سی ساڵێك لەمەوبەر ئۆتۆمبێل پێویستی بە گەرم كردن هەبوو، ئێستا مۆدێلی حەفتاكان نیییە، سواری ئۆتۆمبێلە ساردەكەت ببەو بیخەرە ڕێ.

د. زانا ئەحمەد

 

ئـ . كـ