بەم 4 ڕێگەیە برینی ناو دەم چارەسەر بكەن

هەینی, 26 کانونی دووەم 2018 07:24

 

 

برینی ناودەم بە هۆكاری هەمەجۆر دروست دەبێت، برین لە ڕووپۆشی ناوەوەی دەمدا دروستدەبێت، هەندێك جار زمان و پوكیش دەگرێتەوە، برینەكە لە شێوەی بڵقی سپیدایە و ئازارێكی زۆری هەیە بەتایبەت لە كاتی خۆراك خواردندا.

هۆكارەكانی دروستبوونی برینی ناو دەم ئەمانەی خوارەوەن:

برینی ناو دەم هەندێك جار بەهۆی بەكارهێنانی فڵچەی ددان و شۆردنی نەگونجاو یان فڵچەی ڕەق دروست دەبێت و هەندێك جاریش بەهۆی خواردنی زۆر گەرم ناو دەم تووشی برین دەكات.

هەروەها كەمی ماددەی كانزای ئاسن و ڤیتامینەكان هۆكارە بۆ توشبوونی دەم بە برین، یاخود گۆڕانكاری ئاستی هۆڕمۆنەكان لە لەشدا بەتایبەتی لە خانماندا پێش سوڕی مانگانە.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەكەن كە دڵەڕاوكێ و خەمۆكی بە هۆكارێكی سەرەكی دادەندرێت بۆ برینداربوونی بەشی ناوەوەی دەم یاخود توشبوون بە هەوكردن.

چۆنیەتی چارەسەركردنی :

یەكەم: پارچە بەفرێكی بچووك بخەرە سەر شوێنی برینەكە، بۆ كەمكردنەوەی برینەكەو نەهێشتنی ئازارەكەی.

دووەم: دەمت بە ئاو و خوێ بشۆ، ئەمە دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەكتریاو ڤایرۆسەكان، بەمەش دەم پاك دەبێتەوەو برینەكە وردە وردە كەم دەبێتەوەو نامێنێت.

سێیەم: شیر، پارچە لۆكەیەك بە شیر تەڕ بكەن و بیدەن لە شوێنی برینەكە با پێنج خولەك پێیەوە بمێنێتەوە، ئەمە كاریكەری سیحری دەبێت بۆ لەناوبردنی برینەكە.

چوارەم: سركەی سێو، بەهێزترین رێگەیە بۆ لەناوبردنی برینی ناو دەم و هەوكردن و بەكتریاو ڤایرۆس و سەرجەم مادە زیانبەخشەكانی ناو دەمیش لەناو دەبات.

 

ئـ . كـ