بۆ چارەی ئەم نەخۆشیانە، نیسك بخۆن

سێ شەممە, 10 تەمموز 2018 07:12

 

 

زانایانی زانكۆی (جیلف) ی كەنەدا تایبەتمەندییە دەگمەنەكانی جۆرەكانی نیسك ئاشكرادەكەن، كە یارمەتیدەرە بۆ باشتركردنی كاری لووە ڕژێنەكان و دڵ و بۆرییەكانی خوێن.

توێژەرەوان تاقیكردنەوەیەكیان كرد كە (24) خۆبەخش بەشداریان تێدا كردو دەبوو نیوەیان بۆ ماوەی هەفتەیەك تێكەڵەیەك لە برنج و نیسك و پەتاتەو نیسك بخۆن و هەندێكیشیان بە تەنها برنج یان بە تەنها پەتاتە بخۆن.

لەو ماوەیەداو بەدرێژایی ئەو هەفتەیە توێژەرەوەكان پشكنیان بۆ ڕادەی شەكرو ئاستی پاڵەپەستۆی خوێنی بەشداربووەكان كردو دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەك دەركەوت كە خواردنی نیسك بە شێوەیەكی بەرچاو ئەو دوو لایەنە باش دەكات.

توێژەرەوەكان بۆیان دەركەوت ئاستی شەكر لەوانەدا كە تێكەڵەی برنج و نیسكیان خواردبوو بە ڕێژەی (20%) دابەزیوەو ئەوانەشی تێكەڵەی نیسك و پەتاتەیان خواردووە ڕێژەی شەكریان (35%) دابەزی بوو، هەروەها توێژەرەوەكان سەرنجیاندا كە ئاستی كۆلیسترۆل و پاڵەپەستۆی خوێنی بەشداربووەكان دابەزیوە.

پسپۆڕان دەڵێن: نیسك زۆر پێویستە بۆ ئەوانەی نەخۆشی دڵ‌ و بۆرییەكانی خوێن‌ و ڕیخۆڵەیان هەیە، هەروەها نیسك ڕێژەیەكی باشی لە نیشاستەو شەكری سروشتی و چەوری ناتێری (ئۆمێگا – 3 و ئۆمێگا – 6) ی تێدایە، جگە لەوەی ڕێژەیەكی بەرزی توخمە كیمیاییەكانی وەك مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و ئاسنی تێدایە.

بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەكی بەرزی ڕیشاڵە خۆراكییە تواوەكانیشی تێدایە، بۆیە كرداری هەرس ئاسان دەكات و مرۆڤ دەپارێزێت لە شێرپەنجەی قۆڵۆن.

 

 

 

ئـ . كـ