هه‌موو شتێك له‌ باره‌ی نه‌خۆشی شه‌كره‌ بخوێنه‌وه‌

دوو شەممە, 16 تەمموز 2018 13:01

نه‌خۆشی شه‌كره‌ چییه‌؟
بریتییه‌ له‌ نه‌خۆشیه‌كی درێژ خایه‌ن له‌ ئه‌نجامی زیادبوونی زیاتر له‌ برِی ئاسایی شه‌كر له‌ خوێندا به‌ هۆی كه‌م و كورتییه‌ك له‌ ده‌ردانی هۆرمۆنی ئینسیولین یان چالاكی ئینسیولین وه‌ یان هه‌ردووكیانه‌وه‌ رِووده‌دات.

ئینسیولین چییه‌؟
هۆرمۆنێكه‌ كه‌ رِژێنی په‌نكریاس ده‌ریده‌دات و پاش خواردن هه‌ڵده‌سێت به‌ گواستنه‌وه‌ی شه‌كری زیاده‌ له‌ خوێندا بۆ خانه‌كانی له‌ش، كه‌واته‌ كه‌می برِ یان چالاكى ئینسیولین ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی برِی شه‌كر له‌ خوێندا ودروست بوونی نه‌خۆشی شه‌كره‌.

نه‌خۆشی شه‌كره‌ چه‌ند جۆری هه‌یه‌؟
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌خۆشی شه‌كره‌ دوو جۆره‌:

1.جۆری یه‌كه‌م/ رِه‌نگه‌ له‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كاندا رِووبدات به‌ڵام زیاتر له‌ منداڵان و هه‌رزه‌كاران و تازه‌پێگه‌یشتوواندا رِووده‌دات كه‌ تیایدا په‌نكریاس برِێكی زۆر كه‌م یان هیچ ئینسیولین ده‌رنادات.

2.جۆری دووه‌م/ ئه‌م جۆره‌ زۆربه‌ی كات پاش ته‌مه‌نی 40 ساڵی رِووده‌دات و به‌ربڵاوترین جۆری نه‌خۆشی شه‌كره‌یه‌ كه‌ تیایدا په‌نكریاس توانای ده‌ردانی برِی پێویستی ئینسیولینی نییه‌و هه‌ستیاری خانه‌كان بۆ ئینسیولین كه‌م ده‌بێته‌وه‌.جۆرێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن شه‌كره‌ی دووگیانی كه‌ بریتییه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشیه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كاتی سكپریدا.

هۆكاره‌كانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ چییه‌؟
هۆكاره‌كان له‌ جۆری یه‌كه‌مدا به‌ ته‌واوی نه‌زانراوه‌ به‌ڵام برِوا وایه‌ كه‌ به‌ هۆی دروستبوونی دژه‌ته‌نه‌وه‌ بێت دژی ئه‌و خانانه‌ی كه‌ ئینسیولین ده‌رده‌ده‌ن له‌ په‌نكریاسدا. له‌ جۆری دووه‌مدا زۆربه‌ی كات له‌ خێزانه‌كه‌دا كه‌سێكی دیكه‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی هه‌بووه‌و قه‌ڵه‌وی و شێوازی ژیانی ناته‌ندروست هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانن له‌ دروستبوونی نه‌خۆشییه‌كه‌.

نیشانه‌كانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ چییه‌؟
ژماره‌یه‌ك نیشانه‌ هه‌ن كه‌ بوونی هه‌ندێكیان یان هه‌موویان رِه‌نگه‌ مانای تووشبون بێت به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌، له‌وانه‌ش ( زۆر میزكردن، تینوویه‌تی زۆر، برسیه‌تی، دابه‌زینی كێشی له‌ش، زوو ماندووبون، ده‌م وشكبوون، دره‌نگ چاكبوونه‌وه‌ی برین، خورانی پێست به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌وری ئه‌ندامه‌كانی زاوزێ، گۆرانكاری له‌ هه‌ستكردن له‌ ده‌ست و پێیه‌كان و تێكچوونی بینین).

نه‌خۆشی شه‌كره‌ چۆن ده‌ستنیشان ده‌كرێت؟
لة‌ كاتی هه‌ستكردن به‌ بوونی هه‌ندێك یان هه‌موو ئه‌و نیشانانه‌ی كه‌ باسكرا پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشك بكرێت . نه‌خۆشی شه‌كره‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت به‌ پشكنینی برِی شه‌كر له‌ خۆێندا، وه‌ باشتر وایه‌ كه‌ كه‌سه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 8 كاتژمێر نانی نه‌خواردبێت پێش پشكنینه‌كه‌.

 

ماكه‌كانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ چییه‌؟

ماكه‌كان له‌ كاتی چاره‌سه‌ردا:
- دابه‌زینی كتوپری شه‌كر له‌ خوێندا
- به‌رزبوونه‌وه‌ی كتوپری شه‌كر له‌ خوێندا

ماكه‌ درێژخایه‌نه‌كان:
نه‌خۆشی شه‌كره‌ به‌ تێپه‌رِبوونی كات كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌ندامه‌كانی له‌ش، به‌ تایبه‌تی له‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یان كۆنترۆڵ نیه‌. له‌ گرنگترینیان:
-گورچیله‌/ یه‌كێكه‌ له‌و ماكانه‌ی كه‌ ژیانی كه‌سی تووشبوو ده‌خاته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌ ئه‌ویش به‌ گه‌وره‌بوون و سستبوونی گورچیله‌كان.
-چاو/ رِووده‌دات له‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی شه‌كره‌یان هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكچونی بینین، بینینی خاڵی ره‌ش له‌ پێش چاو و له‌ كۆتاییدا له‌ ده‌ستدانی بینین.
-كۆئه‌ندامی ده‌مار/ به‌رزی رِێژه‌ی شه‌كر له‌ خوێندا كار ده‌كاته‌ سه‌ر ده‌ماره‌كانی له‌ش و ده‌بێته‌ هۆی له‌ ده‌ستدانی هه‌ست ( وه‌ك هه‌ستكردن به‌ ئازار) به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌ست و پێیه‌كان.

چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی شه‌كره‌ چییه‌؟
له‌ زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌كاندا نه‌خۆشی شه‌كره‌ ته‌نها به‌ گۆرِینی شێوازی ژیان كۆنترۆڵ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر هاتوو كۆنترۆڵ نه‌كرا په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر ده‌رمان.

گۆرِینی شێوازی ژیان:
وه‌رزشكردن/ یه‌كێكه‌ له‌ باشترین ئامرازه‌كان بۆ كۆنترۆڵ كردنی نه‌خۆشی شه‌كره‌ وه‌ پێویستی بۆ به‌ كارهێنانی ده‌رمان كه‌م ده‌كاته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی باشترین سوود وه‌رگریت پێویسته‌ هه‌فته‌ی 3 جار وه‌رزش بكه‌یت هه‌ر جاره‌ی بۆ ماوه‌ی 20-30 خوله‌ك. جۆری وه‌رزشه‌كان بریتین له‌ پیاسه‌ كردن، مه‌له‌ كردن، پاسكیل سواری، یاری باله‌ و باسكه‌و..هتد.

خۆراك/ گۆرینی برِ و جۆری خۆراك زۆر پێویسته‌ بۆ كه‌سی تووشبو به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌. خۆراكی نه‌خۆشی شه‌كره‌ پێویسته‌ جیاواز بێت له‌ خۆراكی ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزان، ئه‌ویش به‌:
- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنی چه‌وری و شیرینی زۆر و گۆشتی سوور، و
- زۆر خواردنی سه‌وزه‌و میوه‌و دانه‌وێڵه‌ی ته‌واوله‌ به‌ر ئه‌وه‌ی برِێكی باش له‌ رٍیشاڵیان تێدایه‌ كه‌ یارمه‌تی كۆنترۆڵكردنی شه‌كره‌ ده‌دات.

جگه‌ره‌كێشان/ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشن و نه‌خۆشی شه‌كره‌یان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ری توشبونیان به‌ نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و بۆرییه‌كانی خوێن زیاتره‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ واز هێنان له‌ جگه‌ره‌ كێشان هه‌نگاوێكی گرنگه‌ له‌ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشیه‌كه‌و ماكه‌كانی.

به‌ كارهێنانی ده‌رمان:
ئینسیولین/ هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یان له‌ جۆری یه‌كه‌مه‌ و هه‌ندێك له‌وانه‌ی كه‌ جۆری دووه‌میان هه‌یه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری ئینسیولین هه‌یه‌ كه‌ له‌ ژێر چاودێری پزیشكدا بر و جۆره‌كه‌ی بۆ دیاری ده‌كرێت و شێوازی به‌كارهێنانه‌كه‌ی فێر ده‌كرێت.
حه‌بی دژه‌ شه‌كره‌/ ئه‌مانه‌ش ژماره‌یه‌ك ده‌رمانن كه‌ كاریگه‌رن له‌ دابه‌زاندنی شه‌كر له‌ خۆێندا و به‌ كار هێنانیان پێویسته‌ له‌ ژێر چاودێری پزیشكدا بێت.

چۆن خۆمان بپارێزین له‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌؟

1.وه‌رزش و چالاكی جه‌سته‌یی/ یارمه‌تی رِاگرتنی كێشی له‌ش ده‌دات له‌ باری ئاساییدا و شه‌كر له‌ خوێندا داده‌به‌زێنێت و هه‌ستیاری خانه‌كان بۆ ئینسیولین زیاد ده‌كات.

2.خۆراكی ته‌ندروست/ ئه‌و خواردنانه‌ی برێكی باش رِیشاڵیان تێدایه‌ یارمه‌تی كۆنترۆڵكردنی شه‌كر له‌ خوێندا ده‌ده‌ن، له‌وانه‌ش سه‌وزه‌و میوه‌و دانه‌وێله‌ی ته‌واو.

3.له‌ ده‌ستدانی كێشی زیادی له‌ش/ له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كدا ئه‌و كه‌سانه‌ی 10%-15% ی كێشی زیادی له‌شیان دابه‌زاندووه‌ ئه‌گه‌ری تووشبونیان به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ 58% دابه‌زیوه‌.


دووركه‌ونه‌وه‌ له‌ خواردنی ئه‌وخۆراكانه‌ 
 نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكان كە لە دوو جۆری سەرەكی پێك دێت، خواردنی خۆراك كارێكی زۆر لەسەر رێژەی بەرزی و نزمی ئاستی شەكری خوێن دەكات، لێرەدا ئەو خۆراكانە دەستنیشان دەكەین كە نابێت بخورێن لەكاتی بوونی نەخۆشی شەكرەدا.
یەكەم: میوە وشككراوەكان هەرچەندە زۆرێك لە خەڵكی میوە وشككراوەكان بە بێ زیان دەزانن، بەڵام لە راستییدا وا نییە، چونكە دەوڵەمەندن بە ریشاڵ و باشنین بۆ نەخۆشی شەكرە.
دووەم: برنج و ئاردی سپی و نان ئەگەر نەخۆشی شەكرەت هەبێت، نابێت ئەو خۆراكانە بەكاربهێنرێت كە شەكرەی تێدایە، بەڵكو پێویستە نانی جۆ یان ئەو برنجە بەكاربهێنرێت كە نیشاستەی نییە.
سێیەم: بەرهەمەكانی شیری چەور ئەم بەرهەمانە دەوڵەمەندن بە چەوری، ئەمەش ئاستی كۆڵیسترۆڵی ئێڵ دی ئێڵ بەرز دەكاتەوە و مەترسیی نەخۆشییەكانی دڵ زیاتر دەكات.
چوارەم: گۆشتی چەور دەوڵەمەندن بە چەوری لەش و چەوری زیاد دەكات و رێژەی كۆڵیسترۆڵ كەم دەكاتەوە و مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ زیاد دەكات.
پێنجەم: هەویركاری وەكو چۆرەك و نانی بە دارچین و كێك كە دەوڵەمەندن بە ئاردی سپی و بڕێكی زۆر لە شەكر و كاربۆهیدرێت و چەوری لەش زیاد دەكەن.
شەشەم: ژەمە سووركراوەكان ئەمە نەك زیانی هەیە بۆ بەرزبوونەوە شەكرەی لەش، بەڵكو زیان بەهەموو لەش دەگەیەنێت و هۆكارێكە بۆ بەرزووبوونەوەی چەوری لەش.
حەوتەم: كحول شەكری خوێن نارێك دەكات و زیانێكی زۆر بە تەندروستی لەش دەگەیەنێت بەگشتی.
هەشتەم: خۆراكی شیرین .، ئەو ژەمانەی كە شەكری تێدا بەكار دەهێنرێت نابێت بخورێن، چونكە شەكری خوێن زیاد دەكەن و كانزا و ڤیتامینەكانی لەش لەناو دەبەن.
نۆیەم مۆز و كاڵەك مۆزو كاڵەك برێكی زۆر شەكری تێدایە كە رێژەكەی زیاترە لە هەموو میوەكانی تر و بە خواردنی رێژەی شەكر زیاد دەبێت.
دەیەم: هەمبەرگر هەرچەندە بە خۆراكێكی سەرەكیی دادەنرێت لە دنیادا، بەڵام ئەم ژەمە چەورییەكی زۆر بە لەش دەدات و ئاستی كۆڵیسترۆڵ بەرز دەكاتەوە و  رێژەی شەكری خوێن زیاد دەكات.


f.q

 

 
 

 

 

بەرزەفشاری خوێن کاتێک دروستدەبێت کە فشاری خوێن تا ئاستێکی ناتەندروست بەرزدەبێتەوە، کە نەخۆشیەکی بەربڵاوە لەسەرانسەری جیهاندا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا 75 ملیۆن کەس توشی بەرزەفشاری خوێن بوون.

لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا بەرزەفشاری خوێن زیاتر دەبێت و هەندێک جار هیچ نیشانەیەکی دەرناکەوێت، بەڵام بەبێ دەرکەوتنی نیشانە پێشوەختەکانیشی دەکرێت زیانی زۆر بە مولولەکانی خوێن بگەیەنێت.

نیشانەکانی بەرزەفشاری خوێن چین؟

بەرزەفشاری خوێن زۆر بەبێ دەنگی خۆی دەردەخات، زۆرێک لەخەڵکی هەست بەهیچ نیشانەیەکی پێشوەختەی ناکەن هەتا ئەو کاتەی بەتەواوی دەردەکەوێت، هەندێک جار زیاتر لە 10 ساڵی پێدەچێت تا نیشانە دیارەکانی دەردەکەوێت، بەڵام هەر نیشانە پێشوەختەکانیشی دەکرێت کێشەی تری تەندروستی دروست بکات.

ئەمانەی خوارەوە لە نیشانە دیارەکانی بەرزەفشاری خوێنن:
1.سەرئێشە
2.هەناسە تەنگی
3.خوێن بەربوونی لووت
4.سەرگێژخواردن
5.ئازاری سنگ
6.گۆڕان لە بینیندا
7.دروستبوونی خوێن لەمیزدا

مەرج نییە هەموو کەسێک کە بەرزەفشاری خوێنی هەبێت ئەو نیشانانەی تیادا دەربکەوێت، لەبەر ئەوە چاوەڕێکردنی دەرکەوتنی ئەو نیشانانە بۆ پێزانینی بەرزەفشاری خوێن مەترسیدارە.

چی دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرزەفشاری خوێن؟
دوو جۆری سەرەکی بەرزەفشاری خوێن هەیە، کەهەرجۆرێکیان هۆکاری تایبەت بەخۆی هەیە بۆ دروستبوون:

1.بەرزەفشاری سەرەتایی
ئەمجۆرە بەرزەفشارە بە تێپەڕبوونی کات تەشەنە دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ هۆکارێکی ئاشکرا و زانستی نییە، پزیشکان پێیان وایە کەدەکرێت هۆکاری بۆماوەیی،گۆڕانی جەستەیی و ژینگە و شێوازی ژیان بێت.

2.بەرزەفشاری پێشکەوتوو
ئەم جۆرە لەبەرزەفشار زیانی زۆر بەتەندروستی دەگەیەنێت هەندێک لەهۆکارەکانی بریتین لە:

نەخۆشیەکانی جگەر
تێکچوونی ریتمی خەو
نەخۆشیە زگماکیەکانی دڵ
نەخۆشیەکانی غوددە
کاریگەری لاوەکی حەب و چارەسەری پزیشکی
بەکارهێنانی حەبی بێهۆشکەر و خواردنەوە هۆشبەرەکان
کەموکوڕی لە گلاندی ئادرێنالین
هەبوونی وەرەم لە لەشدا

ڕێگەگرتن لە دروستبوون و تەشەنەکردنی بەرزەفشاری خوێن

دەکرێت لەرێگەی پرۆگرامی خواردنی باشەوە رێگە لە تەشەنەکردن و دروستبوونی بەرزە فشار بگیردرێت،ئەوخۆراکانەی کە باشن بۆ رێگەگرتنی بریتین لە:
میوە
سەوزە
دانەوێلە
خواردنە دەریاییەکان بەتایبەت ماسی