مه‌ترسییه‌کی نوێی کێشانی نێرگه‌له‌ بۆ ته‌ندرووستی مرۆڤ ئاشکرا کرا

چوار شەممە, 08 ئاب 2018 13:08

توێژه‌ران له‌ زانكۆی لۆس ئه‌نجلوسی ئه‌مه‌ریكا، له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێدا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه‌ كێشانی نێرگه‌له‌ مه‌ترسیه‌كی زیاتر له‌ جگه‌ره‌ی ئاسایی له‌سه‌ر دڵ و كۆئه‌ندامی ده‌مار درووست ده‌كات.

توێژینه‌وه‌ به‌راوردكارییه‌كه‌ له‌ گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكی تایبه‌ت به‌ دڵ به‌ ناوی “American Journal of Cardiology” بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات،

كێشانی یه‌ك نێرگه‌له‌، لێدانی دڵ له‌ خووله‌كێكدا، 16ی جار خێراتر ده‌كات و گوشاری خوێنیش به‌رزده‌كاته‌وه‌.

زێده‌ڕۆییكردن و ئالووده‌بوون به‌ كێشانی نێرگه‌له‌ش، ده‌بێته‌ هۆی ته‌سكبوونه‌وه‌ی ده‌ماره‌كان و خوێنبه‌ر و خوێنهێنه‌ر، له‌گه‌ڵ تووشبوون بە نه‌خۆشییه‌كانی دڵ.

پسپۆڕان له‌ توێژینه‌وه‌ نوێیه‌كه‌دا، 48 خۆشبه‌خشیان وه‌ك نموونه‌ وه‌رگرتووه‌، كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18 بۆ 34 ساڵیدا بوو، هه‌ر یه‌كێكیشیان بۆ توێژینه‌وه‌كه‌ ماوه‌ی نیو كاتژمێر نێرگه‌له‌یان كێشاوه‌.

توێژه‌ران به‌ر له‌ كێشانی نێرگه‌له‌ و دوای كێشانی، سه‌رنجی ترپه‌ و لێدانی دڵی ئه‌و كه‌سانه‌یان داوه‌، له‌گه‌ڵ ئاستی نیكۆتین له‌ ناو خوێندا.

ئه‌و توێژه‌رانه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كێشانه‌ی نێرگه‌له‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، زیانه‌كانی زۆر له‌ جگه‌ره‌ی ئاسایی‌ زیاتره‌، وه‌ك ئه‌و توێژه‌رانه‌ ئاماژه‌یان بۆ كردووه‌، ئه‌و قسه‌ی باوه‌ی پێشتر ده‌گوترا كه‌ كێشانی نێرگه‌له‌ ته‌ندرووستتره‌ له‌ جگه‌ره‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك راست نییه‌.

شاره‌زایان دەڵێن، ئه‌و تووتنه‌ی بۆ نێرگه‌له‌ به‌كارده‌هێنرێت، هه‌ندێك مه‌وادی كیمیایی درووستكراوی تێدا به‌كاردێت و زیانه‌كانی بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ زۆر زیاتره‌، به‌كارهێنانی ئه‌و مادده‌ كیمیاییانه‌ش زۆر له‌مێژه‌ له‌ درووستكردنی تووتنی جگه‌ره‌دا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.


f.q