ئەم پێنج خۆراکە پێشکەش بە منداڵەکانتان بکەن لە کاتی چوونیان بۆ قوتابخانە

دوو شەممە, 15 تشرینی یەکەم 2018 14:09

هه‌ر له‌ده‌ستپێكی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان پێویستە کەشێکی گونجاو بۆ منداڵان دابین بکرێت، بە تایبەتیش لە ڕووی تەندروستی و زیادکردنی ئاستی زیرەکییان.
 

لەم وەرزەدا کاتێک منداڵان دەچنە قوتابخانە، بەھۆی بەرکەوتنییان بە منداڵانی دیکە و گواستنەوەی نەخۆشییەکان، ڕەنگە تووشی نەخۆشییە گوێزراوەکان ببن، ھەروەھا پێویستیان بە پاڵپشتی کردن ھەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی زیرەکیان، بۆیە دایکان بەرپرسن لە منداڵەکانیان بە پێدانی چەند خۆراکێکی گرنگ.
 

ئەو خۆراکانەی کە بە سوودن بۆ قوتابییان لەمانەی خوارەوە پێک دێن:
*ئەو خۆراکانەی لە ڤیتامین C پێکھاتوون: ڕەنگە منداڵان لەسەرەتای چوونیان بۆ قوتابخانە تووشی نەخۆشی سەرمابوون و ئەفلەوەنزا ببنەوە، بۆیە دەبێت بڕێکی زیاتر لەم ڤیتامینەیان پێ بدرێت، میوەکانیش بە سەرچاوەی ئەم ڤیتامینە دادەنرێن، بە تایبەتی میوەی کیوی، پرتەقاڵ، شیلک و ئەنەناس.
*زەنجەبیل: پێدانی گیراوەی زەنجەبیل بە ھەنگوین، وزەیەکی زۆر بە منداڵان دەدات لە ڕێگەی چالاک کردنی سوڕی خوێن، دووریان دەکاتەوە لە کۆکە و تا.
*سیر: بە بەھێزترین پێکھاتەی دژە بەکتریا دادەنرێت، سیستەمی بەرگری لەش بەھێزدەکات، بۆیە زۆر گرنگە لە ناو خواردنەکاندا ھەبێت.
*شۆربای مریشکی گەرم: ئەم جۆرە شۆربایە زۆر بە سوودە بۆ بەرزکردنەوەی بەرگری لەش لە دژی ھەوکردنی گەروو و ھەناسە تەنگی، بۆیە دوودڵ مەبن بە خێرایی ئەم جۆرە شۆربایە بۆ منداڵەکانتان ئامادەبکەن.
*شۆفان: بە یەکێک لە خۆراکە پڕ لە توخمە گرنگەکان دادەنرێت، بە تایبەتی کاتێک لەگەڵ شیری گەرم و چەرەزاتەکان پێشکەشی منداڵەکانتان دەکەن، بۆیە بەیانیان بەر لە چوونییان بۆ قوتابخانە دەتوانن دەفرێک لە شۆفان کە تەڕکرابێت بە شیر، گوێز و میوەی بۆ زیادکرابێت بیدەن بە منداڵەکانتان.


ف.ق