بۆ چارەی قەبزی ئەم 5 ڕێگەیە بزانن

چوار شەممە, 17 تشرینی یەکەم 2018 05:52

 

 

قەبزی بریتییە لەگۆڕانكاری لەشێوازی پیسایی كردنی كەسێك، واتە ژمارەی پیسایی كردنەكەی كەم دەبێتەوە، یان پیساییەكەی زۆر ڕەق دەبێت یاخود زۆر بە ناڕەحەتی پیسایی دەكات. 

قەبزی حاڵەتێكی زۆر باوەو نزیكەی سێ لەسەر چواری خەڵكی تووشی دەبن، زیاتریش لە منداڵان و كەسانی بەساڵاچوو هەیە.

هۆكارو چارەسەری قەبزی چییە (د. داهات حەوێزی) پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو ئاماژە بەوەدەدات كە: بەشێوەیەكی گشتی قەبزی چەند هۆكارێكی هەیە وەكو ئەمانەی خوارەوە:

1. نەخواردنی ئاوو شلەمەنی زۆرو نەخواردنی سەوزەو میوەو خواردنە دەوڵەمەندەكان بە ڕیشاڵ.

2. نەجوڵانەوەو وەرزشنەكردن.

3. نەچوونە توالێت لەكاتی گونجاو بۆ نموونە كاتی چون بۆ گەشت و سەیران.

4. نەخۆشییە ئەندامییەكانی وەكو ڕەقبوونی دەمارەكان و پێكانی دڕكەپەتك و نەخۆشی قۆلۆن و گیرانی ڕیخۆڵەو نەخۆشی لاوازی ڕژێنی دەرەقی و لەكاركەوتنی گورچیلەو بەرزبوونەوەی ئاستی كالیسیۆم لە خوێندا لەوانەیە ببنە هۆی قەبزی.

5. شێرپەنجەی قۆلۆن و رێكەو پرۆستات لەوانەیە ببنە هۆی قەبزی، قەبزی لەوانەیە بەهۆی كاریگەری لاوەكی هەندێ دەرمان دروست بێت وەكو دەرمانە ئازارشكێنەكانی نمونەی مۆرفین و دژەخەمۆكیەكان ‌و ئەنتائەسید‌و حەبی ئاسن.

6. لەكەسانی بەساڵاچوون حاڵەتی قەبزی زۆرە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی دەرمانی هەمەجۆر كە زۆریان كاریگەری لاوەكی قەبزیان هەیە، هەروەها بەهۆی لاوازبوونی هێزی ماسولكەكانی كۆم ناتوانن بە تەواوەتی ڕیخۆلەكانیان خاڵی بكەنەوە، جیا لەوەش كەسانی بەساڵاچوو رۆیشتن و جووڵانەوەیان كەمە ئەمەش هۆكارێكی یارمەتیدەرە بۆ حاڵەتەكە.

7. كاتێك كەسێك تووشی قەبزی دەبێت جگە لەوەی كەمتر ئەچێت بۆ توالێت و بڕی پیسایی كردنەكەی كەمتر دەبێتەوە، هەروەها لەوانەیە هەندێ ناڕەحەتی تریشی لەگەڵ بێت، وەكو ئازاری كۆم و زەخت كردن و ئاوسان و ئازاری سك و كەمی ئیشتیهای خواردن و بێتاقەتی و هێڵنج و ڕشانەوە، ئەگەر قەبزیەكە زۆر بخایەنێت هەندێ ماكی تەندروستی لەوانەیە دروست بێت وەكو مایەسیری و فتق و قڵیشی كۆم و خزانی كۆم و خزانی منداڵدان.

چارەسەر ...

1. زۆرجار هیچ پشكنینێكی تایبەت پێویست ناكات ئەنجام بدرێت بۆ حاڵەتی قەبزی، بەڵام هەندێ جار پزیشكی پسپۆر بڕیاری ئەنجامدانی پشكنینە گشتیەكانی خوێن و ئەشیعەی ئاسایی سك و سۆناری ناو سك دەدات بۆ دۆزینەوەی هۆكاری سەرەكی قەبزیەكە.
2. ئەنجامدانی وەرزش و جووڵانەوەی بەردەوام.
3. پەیڕەوكردنی چوونە توالێت ڕێك و پێك و بێ دواكەوتن.
4. خواردنی ئاوو شلەمەنی زۆرو سەوزەو میوەی وەكو خەیارو كاهوو سڵق و نەعناع و سێوو هەرمێ و قۆخ بە توێكڵەوە.
5. پێدانی دەرمانەكانی چارەسەری قەبزی، واتە دەرمانی ڕەوانی، دوو جۆرییان هەیە، گروپێك لەو دەرمانانە بە میكانیزمی پاڵ پێوەنانی شلەیەكی زیاتر بۆ ناو ڕێخۆڵەكان و نەرم كردنەوەی پیساییەكە، هەوڵی چارەسەر كردنی قەبزیەكە ئەدەن، نمونەی ئەم گروپە شروبی لاكتیولۆزە، گروپی دووەمی دەرمانی ڕەوانی ئەم دەرمانانەن كە هانی گرژبوونی دیواری ڕیخۆڵەكان دەدەن بۆ ئەوەی زیاتر پاڵ بە پیساییەكە بنێن بۆ كردنە دەرەوەی لە لەش، دەرمانی بیساكۆدیل كە لە شێوەی حەب و شاف هەیە ئەم كارە ئەكات.

 

 

ئـ . كـ