لەبارەی زەیت و رۆن ئەم 8 زانیارییە بزانن

چوار شەممە, 17 تشرینی یەکەم 2018 06:25

 

 

ئەو پرسیارانەی ڕۆژانە دەكرێن و چ جۆرە ڕۆنێك باشەو چی بەكاربێت ڕۆنی ئاژەڵ یان كەرەی ڕووەكی یان زەیتی ڕووەكی، كامیان دەمان پارێزێت لە نەخۆشی، كام جۆری زەیتی ڕووەكی باشترە لەوانی تر ؟ 

هەرچەندە سەرچاوەو شوێن و شێوازی دروستكردن و پێكهاتەكانی ناو ڕۆن و زەیت بەهەموو جۆرەكانیەوە ڕوون نین، بەڵام بۆ زانینی باشترین جۆرو بەكارهێنانی ڕۆن (د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی) پسپۆڕی زانستی خۆراك ڕوونی كردەوە باشترین جۆرەكانی زەیت و ڕۆن بۆ چێشت لێنان بەم شێوازە بەكاربهێنرێت زیانی كەمترو باشترە.

1. زەیتی ڕووەكی باشترە لە ڕووی زانستییەوە بە مەرجێك تا بتوانرێت بڕی كەمی لەبەكاربێت.
2. باشترین جۆری زەیتی ڕووەكی بریتین لە زەیتی گوێزی هیندی، زەیتی گەنمەشامی، زەیتی زەیتوونی ئەسڵی (بۆ سووركردنەوە بەكارنایەت)، زەیتی كەتان.
3. كەرەی ڕووەكی یان ڕۆنی ڕووەكی زۆر زیان بەخشە.
4. كەرەی خۆماڵی زۆر باشە بە مەرجێك ئاژەڵەكە بە گژوگیاو ئالیكی سروشتی بەخێوكرابێت نەوەك بە عەلەڤی دروستكراوو هۆرمۆن و ئەنتی بایۆتیك و پاشماوەی خۆراكی مرۆڤەكان و پێویستە تا بتوانرێت بڕی كەمی لە بەكاربێت.
5. زەیتی گوڵە بەڕۆژە كەم جۆری هەیە باش بێت و زۆربەی خراپە، چونكە ڕێژەی (ئۆمێگا 6) بۆ (ئۆمێگا 3) زۆر بەرزەو چەند جارێك ئەپاڵورێتەوە.
6. زەیتی كانولا زۆر خراپە، چونكە ڕووەكەكە خانەكانی دەستكاری كراوەو هایدرۆجینی تێكەڵ دەكرێت و ڕێژەی (ئۆمێگا 6) بۆ (ئۆمێگا 3) زۆر بەرزەو چەند جارێك ئەپاڵورێتەوە.
7. زەیتی سۆیا باشترە زۆر كەم بەكاربێت یان هەر بەكار نەهێنرێت، چونكە ڕێژەی (ئۆمێگا 6) بۆ (ئۆمێگا 3) بەرزەو چەند جارێك ئەپاڵورێتەوە.
8. بتوانرێت بۆ چێشت لێنان بڕی كەم زەیت بەكاربێت و لە یەك جار زیاتر بۆ سووركردنەوە بەكارنەیەت و پێش بەكارهێنانی سەیری مێژووی بەسەرچوونی بكەین.

كوردستانی نوێ‌

 

 

ئـ . كـ