جۆرەكانی نەخۆشی قۆڵۆن بزانن

چوار شەممە, 07 تشرینی دووەم 2018 06:01

 

 

قۆڵۆن یان وروژانی قۆڵۆن، یەكێكە لە نەخۆشییە بەربڵاوەكان كەتووشی كۆئەندامی هەرس دەبێت لە مرۆڤدا بەتایبەتیش ڕیخۆڵە گەورە.

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) نزیكەی لە (15% - 25%) ی مرۆڤ ڕووبەڕووی ئەم نەخۆشییە دەبێتەوە.

لەوبارەوە (د.هیوا ئەبوبەكر حوسێن) پسپۆڕی ووردی نەخۆشییەكانی هەرس و جگەرو هەناوبینی ئاماژە بۆ نەخۆشی قۆڵۆن و چارەسەرو ڕێنماییەكانی دەكات و دەڵێت، نەخۆشی قۆڵۆن لە جیهاندا لە ڕیزبەندی سێهەمدایە لە دوای نەخۆشییەكانی ئەنفلۆنزاو پشت ئێشە كەبەهۆیەوە هاوڵاتیان بە شێوەیەكی زۆر سەردانی پزیشكی پسپۆڕ دەكەن، ئەم نەخۆشییە مەترسیدار نییەو تەنها كاریگەری لەسەر ژیانی كەسەكان هەیە بەوەی كە بەهۆیەوە ناتوانرێت تێكەڵاوی خەڵك و كۆمەڵگە ببێت بەهۆی بوونی غازاتی زۆر لە ناوسكی كەسەكەو بە یەكێك لە نەخۆشییە كردارییەكان دادەنرێت.

ئەو پسپۆڕە روونیكردەوە دیواری ڕیخۆڵە گەورە تووشی هەوكردن نابێت بەڵكو دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ئەركەی خۆی لێ تێك بچێت كە پێویستە ئەنجامی بدات بۆیە مرۆڤەكان ڕووبەڕووی نەخۆشی قۆڵۆن دەكاتەوە.

ناوبراو بۆ رۆژنامەی هەولێر ووتیشی، نەخۆشی قۆڵۆن لەڕووی تەندروستییەوە دەكرێت بە سێ‌ جۆری سەرەكییەوە ئەوانیش ئەمانەی خوارەوەن:

یەكەم – دروست بوونی ئازار لە بەشی سەرەوەی سك كەدوای خواردنی خواردەمەنییەكی دیاری كراو تووشی كەسەكە دەبێت.

دووەم – لەگەڵ بوونی ئازاردا كەسەكە تووشی حاڵەتی سكچوون دەبێت.

سێیەم – كەسەكە قەبز دەبێت و پیسایی بۆناكرێت.

لە كۆتاییدا (د. هیوا ئەبوبەكر) ئاماژە بە ڕێنمایی و چارەسەرەكانی ئەو حاڵەتە دەكات بۆ هاوڵاتیان و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لەسەر هاوڵاتیان نەترسن، چونكە نەخۆشییەكی كوشندە نییە، ئەوەی گرنگە لەسەریان پارێز بكەن و هەوڵبدرێت ئەو خواردنانە نەخۆن كە كاریگەری دەكاتە سەر وروژاندنی ئەم نەخۆشییە ئەوانیش وەك (پاقلەمەنییەكان، گۆشتی سور) لەگەڵ ئەوەشدا باری دەروونی هۆكارێكی كاریگەرە لە وروژاندنی ئەم حاڵەتەداو پێویستە ئارام و لەسەرخۆبین و دەروونێكی ئاراممان هەبێت، هەروەها دەبێت ئەو كەسانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن و ڕەچاوی ئەو دەرمان و چارەسەریانە بكەن كە بۆیان دادەنرێت.

 

 

ئـ . كـ