كەی نانی بەیانی بخۆین باشە ؟؟

پێنج شەممە, 08 تشرینی دووەم 2018 05:55

 

 

بەگوێرەی توێژینەوەكان خواردنی نانی بەیانی چاڵاك و وریات دەكاتەوەو بیرو مێشكت بەهێز دەكات، ئەو كەسانەی نانی بەیانی دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی لە بیرچوونەوە كەمتر دەبێتەوە، هەروەها لە (30%) ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە كەمدەكاتەوە.

پسپۆڕانی بواری خۆراك جەخت دەكەنەوە كە خواردنی نانی بەیانی گڕوتینێكی زیاتر بە گەدە دەدات لە دەستەبەركردنی وزەی پێویست بۆ تەواوی ئەندامەكانی لەش لە كرداری بە وزەكردنی خۆراكدا، گەر هیچ خواردنێك نەبێت دەبێت كالۆری زیاتر بەكاربهێنرێت بۆ هاوسەنگ كردنی وزەی پێویست.

نان خواردنی بەیانی بەشێكە لە سروشتی ئاسایی مرۆڤ، بۆیە زۆر گرنگە بایەخی پێبدرێت، لەپێناو پاراستنی تەندروستیمان.

لە توێژینەوەیەكی پزیشكی كە لەسەر تاكی ئەوروپی ئەنجامدراوە، لە گۆڤاری (نەجم) بڵاوكراوەتەوە، دەریدەخات ئەوانەی نانی بەیانی ناخۆن زۆرتر قەڵەو دەبن، بێگومان قەڵەویش دەیان پەتای لەدوایە.

بەپێچەوانەوە ئەمرۆ دەبینین خەڵكانێك نانی بەیانی ناخۆن بەمەستی لاوازبوون، بەڵام ئەمە لەلایەنی پزیشكی هەڵەیە، چونكە بەیانیان بەزۆری خەڵك نان و سەموون دەخوات كە زۆرتر ریشاڵی تێدایە نەوەك خواردنی چەورو فرەكالۆری، جائەگەر نانی بەیانی نەخوات ناچار بەخواردنی شیرنەمەنی، فاست فود یان چەوری نیوەڕۆ پڕی دەكاتەوە، بۆیە نەخواردنی نانی بەیانی زیانی زیاترە لە قازانج.

بەم دواییانەش توێژینەوەیەكی تر كراوە دەریدەخات كە دەبێ نانی بەیانی بەرلە كاتژمێر هەشتی بەیانی بخورێت، واتا زووترین كات دوای ڕۆژهەڵات، چونكە سوڕی دەردانی هۆڕمۆنی كۆرتیزۆن لەڕژێنی ئەدرینال، ئەو كاتەیە بۆ ئەوەی ئەو سوڕە تێكنەچێت، مرۆڤ پێویستیەتی شەو زوو بخەوێت، بەیانی زوو لە خەو هەڵسێت، زوو نانی بەیانی بخوات (گەدەی شتێك وەربگرێت)، بەتایبەتی قوتابی، بەتایبەتی تر گەر منداڵ بێ، ئەستەمە بەیانی بە سكی برسی بچێتە قوتابخانە، ئەمە ژیانی ئاسایی ڕۆتینی مرۆڤە، بەڵام بەداخەوە ئادەمیزادی سەدەی بیست و یەك هەمووشتێكی هەڵگێڕاوەتەوە، بەمەش ڕێچكەی ژیانی تێكچوەو نەخۆشی زۆری بۆ دێنێ.

لەبابەتێكی رۆژنامەی هەولێردا هاتووە، نانی بەیانی ناخوات، گەربشیخوات دوایدەخات، تاكاتژمێر دەی بەیانی لە خەوە، شەو درەنگ نوستووە، یان هەڵدەستێت لە دەوام دواكەوتووە خێرا دەڕوا بۆ دەوام كاتی نیە نانی بەیانی بخوات، بەمەش سوڕی هۆڕمۆنی لەشی تێكدەدات، ئەوەش دڵەڕاوكێ و دڵ توندی، هەزاران دەردی بۆ دەنێتەوە.

 

 

ئـ . كـ