ئەگەر ئەژنۆ قوفڵ بوو چی دەكەین ؟؟

09/01/2019 - 09:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

قوفڵ بوونی ئەژنۆ بەربڵاوترین حاڵەتە كە هەندێك كەس تووشی دەبێت، ئەویش بەهۆی پچڕانی كڕكڕاگەی ئەژنۆوە دەبێت لە ئەنجامی هەوكردن یاخود بەهۆی چەمانەوەی نا ئاسایی ئەژنۆ.

لەبارەی نەخۆشییەكەوە (د.عومەر باراوی) پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئێسك و جومگە تایبەت بۆ ماڵپەری تەندروستی دەڵێت، ئەم حاڵەتە زۆرتر دووچاری یاریزانانی تۆپی پێ دەبێتەوە، بەڵام هەندێك جاریش تووشی ئەو كەسانەش دەبێت كە دەكەون یاخود هەڵدەخلیسكێن لەسەر بەفرو سەهۆڵ لەوەرزە ساردەكاندا.

دكتۆری ناوبراو دەربارەی چۆنێتی خۆپاراستن لەم جۆرە حاڵەتانە دەڵێت، دەتوانرێت پێشی پێ بگیرێت ئەویش بە جۆرە وەرزشێكی تایبەتی كە پزیشك دیاری دەكات، بۆ ئەوەی ماسولكەكانی بەهێز بكات، هەروەها ئەو كەسانەی یاری تۆپی پێ دەكەن پێویستە بە وریاییەوە ئەژنۆیان بچەمێننەوەو بەكاری بهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی جۆری پێڵاو بەتایبەت لەكاتی سەرماو سۆڵەو بەستنی زەمینداو كاریگەری خۆی هەیە بۆیە پێویستە سوود لەو پێڵاوانە وەرگرین كە گونجاون و پاژنەی گونجاویان هەیە، هەروەها بەكارهێنانی گۆچان بۆ كەسانی بەتەمەن تاوەكو بەدوور بێت لەڕوودانی ئەم حاڵەتانە.

ئەو پزیشكە پسپۆڕە لەبارەی چارەسەرییەكانەوە ئەوە دەخاتەڕوو، كە قوفڵ بوونی ئەژنۆ بە دەرمان دەتوانرێت ئازارەكەی كەم بكرێتەوە، بەڵام چارەسەری حاڵەتەكە هەندێك جار بە نەشتەرگەری دەبێت و دەتوانرێت نەخۆش رزگار بكرێت.

 

 

ئـ . كـ