ئەگەر ئافرەتان تووشی هەوكردنی كۆئەندامی میزەڕۆ بوون، ئەمانە بكەن

17/01/2019 - 10:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

ئەم جۆرە هەوكردنە زۆر باوە لە ژناندا بە جۆرێك نزیكەی (50%) ی ژنان لە كاتێك لە كاتەكانی ژیاندا تووشی دەبن ئەویش بەهۆی كورتی بۆری میز لە ژناندا.

نیشانە باوەكانی هەوكردنی كۆئەندامی میزەڕۆ :

1. زوو زوو میزكردن.
2. ئازارێكی وەكو سووتانەوە لە كاتی میزكردندا.
3. ئازاری بەشی خوارەوەی سك.
4. حەزكردن بەمیزكردن دووبارە لە دوای میزكردن.
5. تێكچوونی ڕەنگی میزو گۆڕانی بۆ ڕەنگێكی لێڵ یاخود هەبوونی بۆنێكی ناخۆش لە كاتی میزكردندا.
6. هەبوونی خوێن لە میزدا.

هۆكارە باوەكانی :

1. برینداربوونی دەوروبەری بۆری میز لەكاتی ئەنجامدانی سێكس یاخود لە كاتی منداڵبوونی سروشتی كە دەبێتە هۆی گواستنەوەی بەكتریا بۆ بۆری میزو لەوێشەوە بۆ میزەڵدان.
2. باش بەتاڵنەبوونی میزەڵان وەكو لە كاتی هەندێك نەخۆشی دەماری و زگماكی ڕوودەدات.
3. لەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە.
4. بەهۆی دانانی سۆندەی میزەوە.
5. یاخود لەدوای تەمەنی وەستانی سووڕی مانگانە (تەمەنی نائومێدی) بەهۆی گۆڕانی هۆڕمۆناتەوە.

چۆنیەتی دەست نیشانكردنی :

1. بە وەرگرتنی مێژووی نیشانەكان لە نەخۆشەكە.
2. ئەنجامدانی چەندین پشكنینی تاقیگەی باوترینیانە پشكنینی گشتی میز یان ئەنجامدانی كەڵچەری میز.
3. ئەنجامدانی پشكنینی تیشكی : باوترینیان تیشكی سۆنار.
4. هەروەها چەندین پشكنینی تر كە پزیشك بەپێی پێویست بڕیار دەدات.

چارەسەر ...

ئامۆژگاری كردنی نەخۆشەكە بە :
1. خواردنەوەی بڕی دوو بۆ سێ لیتر ئاو كە نزیكەی (12) پەرداخ ئاوە لە ڕۆژێكدا.
2. پاك ڕاگرتنی بەشی دەرەوەی كۆئەندامی میزو میزەڕۆ.
3. میزكردنی پێش و پاش ئەنجامدانی سێكس.
4. بەكارهێنانی ئەو پۆشاكانەی ژێرەوە كە لە لۆكە دروستكراون وە باشترە ڕەنگیان سپی بێت.
چارەسەر بە پێدانی دەرمان وەك :
1. دەرمانی ئازار شكێن لەكاتی هەبوونی ئازار.
2. پێدانی دەرمانی دژە هەوكردن كە پزیشكی پسپۆڕ بڕیار دەدات لەسەر بڕو ماوەی پێدانی دەرمانەكە.

 

 

ئـ . كـ