ڕێگەكانی چارەسەری هەوكردنی قورگ بزانن

22/01/2019 - 10:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

هەوكردنی قوڕگ یەكێكە لە هەوكردنە بێزاركەرەكانی وەرزی زستان، كە بەشێكی زۆری خەڵك تووشی دەبن، ئەمەش پەیوەندی هەیە بە نەخۆشییەكانی سنگ، هەروەها ئەم ڤایرۆسەیە لە ڕێگەی هەواوی پیسەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

هۆكارەكانی هەوكردنی گەروو:

1. هەڵمژین و قووتدانی هەوای پیس بەهۆی جگەرە یانیش میكرۆب.
2. هەڵمژینی هەوای وشك لە ڕێگەی دەمەوە، كە دەبێتە هۆی ووشك كردنی قوڕگ و پاشان هەوكردنی بۆ دروست دەكات.
3. هەوكردنی لەوزەتێن، لەوزەكان كاتێك تووشی هەوكردن دەبن بە فایرۆس دەئاوسێن، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر قوڕگ.
4. ئازاری مل.
5. تووشبوون بەكەمی بەرگری لەش.
6. پەیدابوونی هەندێك لە هەستیاری بەهۆی بەشێك لە دەرمان و پێكهاتە كیمیاییەكان.
7. تووشبوون بە هەڵامەت و سنگ ئێشەو هەوكردنی سییەكان.
نیشانەكانی هەوكردنی گەروو:
1. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە.
2. ئازار لە سەرو ئێسكەكانی دەست و قاچ.
3. بوونی ئازار لە قوڕگ و ملدا.
4. قووتدانی خواردن بە ناڕەحەتی.
5. دەركەوتنی زیبكە یان پەڵە لە ناوچەی لەوزەتێن.
6. ئاوسانی لەوزەتێنەكان، بەتایبەت لەو كەسانەی كە نەخۆشی لەوزەتێنیان هەیە.
7. بوونی ئازار لە شەویلاك بە تایبەت لەو كەسانەی كە گرفتی لیمفەگرێیەكانیان هەیە.
8. هێڵنجدان، بەتایبەت لە منداڵاندا.
9. گۆڕانی دەنگ.

پزیشكان ئامۆژگاری توشبووەكان دەكەن بە وەرگرتنی چارەسەرو پشگوێنەخستنی لە كاتی دەركەوتنی نیشانەكانیدا، چونكە هەر پشگوێ خستنێك و تێپەڕبوونێكی كات بەسەریدا هۆكارە بۆ زیاتر ئازارو توشبوونتان بە ڕۆماتیزم، ئەم نەخۆشییەش زیاتر لە منداڵان و نەوجەواناندا بەدیار دەكەوێت، هەرووها توشبوون بە نەخۆشی دڵ و جومگەكان و پێست و گوێچكەو هەوكردنی لووت و توشبوون بە جیوب.


چارەسەری هەوكردنی گەروو:
كەسانی توشبوو پاش نەمانی بۆ ماوەیەكی كەم دووبارە هەوكردنی قوڕگ ڕوو دەداتەوە، بەڵام لەكاتی سووك گرتنی ئەم ئازارە پێویستت بە سەردانی پزیشك نابێتەوە، كە دەتوانن بەم شێوەیە چارەسەری بكەن:

1. خواردنی حەب و كەپسولی هێمن كەرەوەی ئازار، بەڵام ئەگەر هەر نەخۆشییەكی ترت هەیە ڕاوێژ بە پزیشكی دەرمانساز بكە.
2. بەكارهێنانی هەڵم لەكاتی توشبوونتان بە هەوكردنی قوڕگ بە تایبەت لەكاتی ووشكبوونەوەی قوڕگ و دەم، كە بەهۆی هەڵمژینی هەوای وشك و ساردەوە ڕووی دابوو.
3. مژینی ئەو جۆرە نوقڵانەی كە تایبەتن بۆ گەروو، هەروەها زوو زوو یاریپێكردنی لە ناو دەمدا بۆ ئەوەی بە هەموو جێگەیەك بگات و قوڕگیشتان تەڕ بكات.
4. ئاوتێوەردان لەدەم بە ئاوێكی شلەتێن و خوێیاوی و غەڕغەڕە پێكردنی.
5. خواردنەوەی چا بە تایبەت چای گوڵە بەیبوون و هەروەها زیادكردنی ئاوی لیمۆو هەنگوین بۆی.
6. ئەگەر بەهۆی بەكتریاوە توشبووبووی لە دەرمانخانە دەرمانی تایبەتی بۆ وەربگرە.
7. دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و ئەو شوێنانەی كە جگەرەی تێدا دەكێشرێت.
8. بەكارهێنانی ئاوی سوێر بەتایبەت لە كاتی خواردنی چارەسەری، كە ئەمە باشترین چارەسەرە بۆ ئەو جۆرە توشبووانە.
9. خواردنی كەوچكێك هەنگوین لەگەڵ ئاوی شلەتێن، چونكە هەنگوینەكە یارمەتیدەرتان دەبێت لە كەمكردنەوەی ئازاری قوڕگ.
10. چای و زەنجەفیل، كە باشترە شلەتێنبێت.
11. غەڕغەڕەكردن بە ئاوی لیمۆو هەنگوین، كە باشترە ئاوەكە شلەتێن بێت، بەگوێرەی توێژینەوەكان ڕوون بۆتەوە كە ئاوی لیمۆ باشترین چارەسەری كاریگەرە بۆ هەوكردنی قوڕگ، چونكە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی.
12. خواردنی سیر بەهەمان شێوە چارەسەرە بۆ هەوكردنی گەروو.
13. غەڕغەڕەكردن بە سركەی سێو، كە ئەمەش لە باشترینەكانەو هۆكارە بۆ لەناوبردنی بەكتریاكانی ناودەم.

خۆپارێزی:

1. دوركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، ئەو شوێنانەی كە جگەرەو نێرگەلەی تێدا دەكێشرێت.
2. دووركەوتنەوە لەو كەسانەی كەتووشی هەوكردنی قوڕگ بوون و هەڵامەتیان هەیە.
3. بەكارنەهێمانی كەل و پەلی كەسی توشبوو.
4. پارێزگاری لە پاكو خاوێنی خۆت بكە، بەتایبەت بایەخدان بە دەست شۆردن پێش و دوای نان خواردن و هەر خواردن و خواردنەوەیەك.

رۆژنامەی هەولێر

 

ئـ . كـ