چۆن بتوانین لەم مانگە خۆمان لە قەبزی بپارێزین

11/05/2019 - 11:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

قەبزی یەكێكە لەو گرفتە تەندروستیانەی كە بەرۆكی مرۆڤ دەگرێت و هەراسانی دەكات، هەندێك جار ئەوە پەیوەندی بەجۆرەكانی خواردنەوە هەیە، لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەم شێوەیە خۆمانی لێبپارێزین.

شێوازی چارەسەركردن و خۆپاراستن لێی :

1. قەبزی كێشە تەندروستیە باوەكانی ئەم سەردەمە، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕۆژوەوانان دووچاری ئەم كێشەیە دەبنەوە. 

2. قەبزی نەخۆشی نیە بەڵكو بریتییە لە حاڵەتێكی كاتی یان هەمیشەیی و هۆكاری زۆرەو یەكێكە لە نیشانەكانی گەلێك نەخۆشی و پێویستە هۆكارەكانی دەست نیشان بكرێت و بە ڕێگەی دروست چارەسەر بكرێت.

شێوازی چارەسەركردن و خۆپاراستن لێی :

1. خواردنی ژەمی بەربانگ بە هێواشی و جوینی بە باشی و دوور كەوتنەوە لە خواردنی بڕێكی زۆر لە خۆراك بە پەلەو بەسەر یەكەوە. 

2. خواردنەوەی هەشت پەرداخ یان زیاتر لەئاو لەنێوان بەربانگ و پارشێو؛ هەموو نیو سەعات جارێك یەك پەرداخ ئاو بخۆرەوە؛ ئاوەكە فێنك بێت یان ئاساییە باشترە لە ئاوی زۆر سارد. 

3. خواردنی بڕێكی زۆر لەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵەكان وەك سەوزەو میوەو دانەوێڵە تەواوەكان وەك ئاردی بۆر، برنجی بۆر یان قاوەیی. 

4. ڤیتامین (B) : خواردنی بڕێكی زۆر لەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین (B) وەك سپێناخ، كەلەرم، ماست، چوالەی سەوز، ڕێواس، مزرە سێو، ترێ، هەنجیر، بادام، فستق، دانەوێڵە تەواوەكان، نۆك، ماسی، مریشك. 

5. دوور بكەرەوە لە خواردنەوەی بڕی زیاتر لە دوو كووپ لە چاو قاوە بە تایبەت كاتی پارشێوو نەخواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی ماددەی كەڤاینیان تێدایە وەك خواردنەوە گازییەكان. 

6. زیاد كردنی جووڵەو وەرزش كردن و دوور كەوتنەوە لە دانیشتن و پاڵ كەوتنی زۆر بە دیار تیڤی و موبایل و ئینتەرنێتەوە؛ چوون و گەڕانەوە بەپێ بۆ مزگەوت و كردنی نوێژی تەراویح سوودی زۆرە. 

7. خواردنی سەوزەو میوە زۆر گرنگە بە تایبەت ئەو جۆرانەی بڕێكی زۆر ئاویان تێدایە وەك ترۆزی، خەیار، شووتی، قەیسی، هەوڵ بدە سێ بۆ چوار جار لە نێوان بەربانگ و پارشێو بیان خۆیت. 

8. ڕێكخستنی كاتەكانی نووستن؛ دوور بكەرەوە لە شەونخوونی؛ بە ڕۆژ مەخەوەو بە شەو بەخەبەر بیت لە بەربانگەوە تا پارشێو. 

9. پێویستە ژەمی پارشێو بخورێت و چەند بتوانرێت؛ دوا بخرێت؛ خواردنی زەڵاتە و مێویەك لە كاتی پارشێو زۆر بە سوودە.

د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی – پسپۆڕی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی